چۆپی لەبارەی گوتنەوەی گۆرانییەکی لەلایەن (دایکانی هیواژین): قوڕگم پڕ لە گریان بوو

06-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
هونەرمەند چۆپی
هونەرمەند چۆپی
نیشانەکردن چۆپی دایکانی هیواژین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دایکانی هیواژین، گرووپێکی خانمانی خانەنشینی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەندامانی سەلماندوویانە تەمەن تەنیا ژمارەیە و هیوا کۆتایی نایێت. 
 
ئەوان بە دەنگێکی پڕ سۆز و دڵێکی گەورە، یەکێک لە گۆرانییە هەرە بەناوبانگەکانی هونەرمەند چۆپی دەڵێنەوە، بەجۆرێک کە خودی چۆپی بە بینینی ڤیدیۆکەیان، قوڕگی پڕ بووە لە گریان و دەستخۆشیان لێدەکات.
 
گرووپی دایکانی هیواژین لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بووەتە هێمایەک بۆ هیوا بەخشین، ئەندامانی خانمی خانەنشینن. بە گوتنەوەی یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی هونەرمەند چۆپی، جارێکی دیکە سەرنجی خەڵکیان بۆ لای خۆیان رادەکێشن.
 
بەرهەمەکە بەناوی (خاک)ـە، لە هۆنراوەی ئیسماعیل خورماڵی و ئاوازی بورهان موفتیزادەیە و ناوڕۆکێکی نیشتمانیی هەیە.
 
چۆپی بە بینینی بەرهەمەکە زۆر دڵخۆشە و دەڵێت، لە کاتی بینینی قوڕگی پڕ بوو لە گریان و بۆ رووداو گوتی: "لە کاتی بینینی بەرهەمەکە قوڕگم پڕ لە گریان بوو کە تەماشایان دەکەی، ماشەڵڵا زۆر گەنج دیارن، لەوە ناچێت خانەنشین بن. ھیوادارم ھەر ئاوا گەشاوە و سەرکەوتوو بن و ھونەری جوانمان پێشکێش بکەن". گوتیشی: :بەڕاستی کە بینیم قوڕگم پڕ لە گریان بوو. دەستی یەکە بە یەکەیان ئەگوشم و ماچیان دەکەم. بەڕاستی گەورەییە کە ئەو ئیشە جوانەیان کردووە".
 
چۆپی کە یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردە و هەوادارایكی زرۆی هەیە، خۆشەویستی خۆی بۆ هاونیشتمانییانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە هونەر دۆستن: "ھەموو کوردێکم خۆشدەوێ، ھەروەھا کوردەکانی رۆژھەڵات زۆر ھونەردۆستن. زۆر خۆشیانم دەوێ. ھیوادارم بەرھەمەکانی من ئاوا دڵی ھەموو لایەک خۆش بکات".
 
فەرشید حیسامی، سەرپەرشتیاری گرووپی دایکانی هیواژینە و هەفتانە راهێنانیان پێدەکات و بە رووداوی گوت: "گۆرانیی (خاک)ـی چۆپی فەتاحمان هەڵبژارد کە شیعر و موزیکەکەی جوانە. دوو رۆژ زیاتری نەخایاند و چووینە شوێنەکەی د. قوتبەدین سادقی و بەرهەمەکەمان تۆمارکرد. ئەویش بە مۆبایل. پێمان خۆش بوو پێشکێشی خەڵکی بکەین".
 
گرووپەکە سەرەتا بە حەوت ئەندام دەستیپێکرد، بەڵام ئێستا زیاتر لە 70 خانەنشین تێیدا ئەندامن، پەیامیان روون و سادەیە: خانەنشینبوون کۆتایی تەمەن نییە، بەڵکو وێستگەیەکی نوێی ژیانە. 
 
گرووپی دایکانی هیواژین سەر بە یانەی خانەنشینانی ئومێدە لە سنە. یانەکە نزیکەی ساڵێکە دامەزراوە و ئەندامانی هەفتانە بۆ کاری هونەری کۆدەبنەوە.
 
(شارەکەم سنە) یەکەم بەرهەمی فەرمیی گرووپەکەیە، کە لە تێکست و ئاوازی فەرشید حیسامییە و بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی ئارژین بەرهەمهێنراوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەیوب عەلی میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ی رووداو بوو

ئەیوب عەلی و گارە سازکار بەرهەمێکی نوێیان بە ناوی (ئاڵای کوردستان) بڵاوکردەوە

هونەرمەند ئەیوب عەلی لەگەڵ هونەرمەند گارە سازکار نوێترین بەرهەمی خۆیان بەناوی (ئاڵای کوردستان) بڵاوکردەوە. ئەیوب عەلی دەڵێت، تێکستەکەی سادەیە بۆ ئەوەی منداڵان لەبەری بکەن و هەستی نەتەوەییان لا دروستبێت.