رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە چالاکییەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە دروشمی (کولتووری کوردی و زمانی دایک)، لە رۆژانی 9 تا 16ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە هۆڵی کۆنگرێس لە زانکۆی سلێمانی و هۆڵەکانی ستی سینەما بەڕێوەبچێت.
تۆڕی میدیایی رووداو وەک سپۆنسەری میدیایی فێستیڤاڵەکە، رووماڵێکی فراوانی چالاکییەکان دەکات و زانکۆی سلێمانی هاوبەشی سەرەکییەتی. بە گوتەی رێکخەرانی گەورەتر و بەرفراوانتر لە ساڵانی رابردوو دەگەڕێتەوە و 150 فیلم لە کۆی 1500 فیلمی نێردراو لە 30 وڵاتی جیاوازەوە پێشان دەدرێن.
کاژێر 17:00ـی رۆژی چوارشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێوڕەسمی دەستپێکی فێستیڤاڵ لە زانکۆی سلێمانی بە بەشداریی نزیکەی 250 میوانی ناوخۆیی و بیانی دەستپێدەکات، بەشێکیان کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی سینەمای عەرەبی و جیهانین. لە رێوڕەسمەکەدا، پێشانگەیەکی شێوەکاریی سیرامیک دەکرێتەوە و گرووپی میوزیکیی پایز چەند بەرهەمێک پێشکێش دەکەن.
لە خولی ئەمساڵدا، چوار خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێن، خەڵاتی ئەحمەد کایا پێشکێش بە ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و رووناکبیری تورک، دەکرێت، خەڵاتی تههای کەریمی دەبەخشرێتە مام پۆڵا کە بە پشتیوانیکردنی فیلمساز و سینەمای کوردی ناسراوە. خەڵاتی شەهید پەرچەم دەبەخشرێتە ژیان ئیبراهیم خەیات، ئەکتەری کورد و خەڵاتی شکۆمەندی دەبەخشرێتە بێژەن کامکار، هونەرمەندی ناسراوی کورد.
لە چوارچێوەی فێستیڤاڵدا، 31 بەڵگەفیلمی رووداو بە ناوەڕۆک و مژاری جیا جیا، رۆژانە لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ پێشاندەدرێن.
فۆئاد جەلال، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ بە رووداوی راگەیاند: "فێستیڤاڵی ئەمساڵ تیشک دەخاتە سەر زمانی کوردی و دەنگی گەنجان، جەخت لەسەر پەیوەندیی پتەوی نێوان سینەما و ناسنامەی کولتووری و پاراستنی میراتی نەتەوەیی دەکاتەوە". بە گوتەی ئەو فێستیڤاڵەکە لە حەوت بەشی کێبڕکێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێکدێت و کۆی گشتی 19 خەڵات پێشکەش بە سینەماکارە سەرکەوتووەکان دەکرێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا پێنج پانێل لە هۆڵی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی سازدەکرێن. یەکێک لە پانێلەکان تایبەت دەبێت بە ئیسماعیل بێشکچی و پانێلێکی دیکە باس لە (وێنەی ژن لە سینەمادا) دەکات. هەروەها پانێلێکی تایبەت بە چۆنیەتیی دەستکەوتنی پاڵپشتیی دارایی بۆ فیلم بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ دوو پانێلی دیکە لەبارەی هونەر وەک باڵیۆزی کولتووری و رۆڵی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە پشتیوانیکردنی کولتوور.
لە کۆی 150 فیلمی هەڵبژێردراو، 95 فیلم لە بەشەکانی (کورتەفیلم، بەڵگەفیلم، فیلمی درێژ و فیلمی لاوان) کێبڕکێ دەکەن و 55 فیلمی دیکەش لە دەرەوەی کێبڕکێ نمایش دەکرێن و بەڕووی ئاڵتوونی، خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵە.
هەڵگورد ساڵح، بەڕێوەبەری بەشی هونەریی نێوخۆیی، روونیکردەوە، بەشی نێوخۆیی؛ فیلمی چوار پارچەی کوردستان لەخۆدەگرێت و بەشی نێودەوڵەتیش لەلایەن سەهیم عومەر خەلیفە، فیلمسازی ناسراوی کورد بەڕێوەدەبرێت.
لیژنەی دادوەریی فیلمی درێژی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی شەوکەت ئەمین کورکی پێکدێت، لە کاتێکدا لیژنەی دادوەریی فیلمی درێژی ناوخۆیی بە سەرۆکایەتیی د. دڵشاد مستەفا و ئەندامیەتی جەمیل رۆستەمی، دەرهێنەری کورد دەبێت.
زەهاوی سنجاوی سەرۆکایەتیی لیژنەی دادوەریی بەڵگەفیلمەکانی فێستیڤاڵ دەکات، دانا کەریم سەرۆکایەتیی لیژنەی کورتەفیلمی نێودەوڵەتی و سرووشت عەبەرەش سەرۆکی لیژنەی کورتەفیلمی ناوخۆیی گەنجانە.
لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، فیلمی (The Tower of Strength) لە دەرهێنانی نیکۆلا ڤوکچێڤیچە، کە بەرهەمی ئەلبانیا و مۆنتینیگرۆیە و بەربژێری وڵاتەکەیەتی بۆ خەڵاتی ئۆسکاری ئەمساڵ. لەپاڵ ئەم فیلمەدا، چەندین بەرهەمی دیکەی گرنگ نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی (In The Blind Spot)ـی ئایشە پۆڵات، کە باس لە تێکەڵبوونی تیمێکی فیلمسازیی ئەڵمانی دەکات لەگەڵ پیلانگێڕی نەوەکان لە کوردستان. هەروەها فیلمی (سنجرخان)ـی محەممەد حوسێن لەتیفی، کە ژیان و خەباتی قارەمانێکی کورد دەگێڕێتەوە.
فیلمی (A Happy Day)ـی هشام زەمان، چیرۆکی سێ نەوجەوانی کە پلانی هەڵهاتن دادەنێن. هەروەها فیلمی (دەسماڵا نان)ـی ئەمیر و ئەنوەر حەسەنپوور، باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خێزانێکی کرێکار دەکات و فیلمی (Summertime)ـی مەحموود کەلاری، یادەوەرییەکانی هاوینێکی 1953ـی تاران دەگێڕێتەوە.
لە بەشی کورتەفیلمەکانیشدا چەندین بەرهەمی سەرنجڕاکێش نمایش دەکرێن، وەک (Path) لە دەرهێنانی فەرشاد میرزاییفار، (مۆری) لە دەرهێنانی یاکوپ تەکینتانگاچ، (مردن لە نێوان ژیاندا)ـی رێکار بەرزان و (Voice Academy) لە دەرهێنانی خاڤیێر سان میگێل.
نمایشی فیلمەکان بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە چوار هۆڵی جیاواز لە ستی سینەما لە کاژێر 3:00ی پاشنیوەڕۆوە تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ