رووداو بە 31 بەڵگەفیلم لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بەشدارە

07-10-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو، جگە لەوەی سپۆنسەری میدیایی پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانییە، بە 31 بەڵگەفیلم، بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا دەکات. فیلمەکان لە دەرەوەی کێبڕکێی سەرەکی و لە رۆژانی 10 تا 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ستی سینەما لە سلێمانی پێشاندەدرێن.
 
بەڵگەفیلمەکان گەشتی تیمەکانی رووداون بۆ قووڵایی مێژوو، جوگرافیا و چیرۆکە مرۆییەکان لە کوردستان و جیهان، رۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا پێشاندەدرێن کە بریتین لە کاژێر 16:45 بۆ 18:00 و 18:30 بۆ 19:45. 
رووداو بە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلم و بەشداریی لە فێستیڤاڵەکاندا، پابەندبوونی خۆی بە بەرهەمهێنانی کاری بەڵگەنامەیی پرۆفیشناڵ و گێڕانەوەی چیرۆکە گرنگەکان دووپات دەکاتەوە.
 
مێژووی کورد و جینۆساید؛ بەڵگەنامە بۆ ناسنامە

 

بەشێکی بەرچاو لە فیلمەکان بۆ بەڵگەنامەکردنی مێژووی پڕ لە رووداوی کورد و ئەو کارەساتانەی بەسەریدا هاتوون؛ تەرخانکراون. بەڵگەفیلمی (یاموڵکی، خەباتکارێک لە پێناو دادپەروەری)، چیرۆکی ئەو دادوەرە کوردە دەگێڕێتەوە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەر تاوانبارانی جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا سەپاند. فیلمەکانی دیکە وەک (کارەساتی ئەشکەوتی دەکان)، (رۆژێکی رەش لە باقرتە)، (جینۆسایدی زەرگۆشەکان) و (سووتاندنی 300 کورد)، تیشک دەخەنە سەر تاوانەکانی رژێمی بەعس دژی گەلی کورد. هەروەها بەڵگەفیلمی (خاچی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان) چیرۆکی ئەنفالکردنی کریستیانەکانی بادینان دەگێڕێتەوە و (بێ وڵاتتر لە با) باس لە دەرکردنی کوردە فەیلییەکان دەکات.
 
لە رووی زمان و کولتووریشەوە، بەڵگەفیلمی (گوریسی سوور) چیرۆکی مامۆستایەکی فەرەنسی لە ئامەد دەگێڕێتەوە کە بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ کورد و فێربوونی زمانەکەیان، دیپۆرت دەکرێتەوە. (زمانی دایک) هەوڵی چالاکڤانانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کردنەوەی پۆلی خوێندن بە زمانی کوردی نیشان دەدات و (مارف خەزنەدار) ژیانی یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی دەخاتەڕوو. (لە تەمدا دیارنیم) سەفەرێکە بەنێو ژیان و شیعری دلاوەر قەرەداخی، شاعیری کورد.
 
چیرۆکی مرۆڤ و کۆمەڵگە؛ لە گەرمیانەوە تا ئۆکراینا

 

چیرۆکە مرۆییەکان جەمسەرێکی دیکەی بەرهەمەکانی رووداون. فیلمی (لە ئەڵمانیاوە بۆ گەرمیان)، گێڕانەوەی ژیانی خانمێکی ئەڵمانی و پێشمەرگەیەکە کە ژیانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان تەرخان کردووە. (شانۆیەکی لەیادکراو) باس لە وێرانبوونی هۆڵێکی مێژوویی شانۆ لە سلێمانی دەکات. لەلایەکی دیکەوە، (ئاهەنگم ناوێت) تیشک دەخاتە سەر هەوڵی ژنانی چالاکڤانی کورد بۆ گۆڕینی یاسای بەشوودانی منداڵان لە بەریتانیا و (گرێی ناسنامە) چیرۆکی یەکێک لە منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە.
 
کاریگەرییەکانی جەنگ بابەتێکی جیهانییە کە رووداو لە چەند بەرهەمێکدا کاری لەسەر کردووە. (سێ ساڵ شەڕ) وێرانییەکانی ئۆکراینا و ئازاری خەڵکە سڤیلەکەی نیشان دەدات. (هارمۆنی دوای جەنگ) چیرۆکی دوو برای نابینایە لە کۆبانێی دوای داعش و (چیرۆکەکانی دوای جەنگ) ئازار و هیواکانی دوای جەنگی عێراق-ئێران دەگێڕێتەوە. هەروەها (زەماوەندی سووتان) کارەساتی دڵتەزێنی هۆڵی ئاهەنگەکانی حەمدانییە دەخاتەڕوو.
 
گەشتی جیهانی؛ لە نیپاڵ و سریلانکاوە تاوەکو عوممان 

 

تیمەکانی رووداو بۆ دۆزینەوەی چیرۆکە ناوازەکان گەشتی دوورترین شوێنەکانی جیهانیان کردووە. (گەوهەری شین) لە سریلانکا، ژیانی مەترسیداری ئەو کرێکارانە نیشان دەدات کە لە کانەکانی یاقوتدا کار دەکەن. (هەنگوینی هۆشبەر) و (کافلێ، شەڕ بۆ گۆشت) بینەر دەبەنە نێو داب و نەریتە سەیرەکانی نیپاڵ. (کۆروای) گەشتێکی بوێرانەیە بۆ نێو ژیانی دوا خێڵی مرۆڤخۆر لە دارستانەکانی ئیندۆنیزیا و (کۆمزار) لە شانشینی عوممان بەدوای بنەچەی زمانێکی ونبوودا دەگەڕێت کە گومان دەکرێت شێوەزارێکی کوردی بێت.
 
ئەم بەرهەمە دەوڵەمەند و هەمەچەشنانە، بانگهێشتێکی کراوەیە بۆ هۆگرانی بەڵگەفیلم تاوەکو لە رۆژانی فێستیڤاڵدا لە ستی سینەما بیانبینن و شایەتحاڵی ئەو چیرۆکانە بن کە رووداو لە کوردستان و سەرانسەری جیهانەوە تۆماری کردوون.
 
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بە دروشمی (کولتووری کوردی و زمانی دایک)، لە رۆژانی 9 تا 16ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە هۆڵی کۆنگرێس لە زانکۆی سلێمانی و هۆڵەکانی ستی سینەما بەڕێوەبچێت. زانکۆی سلێمانی هاوبەشی سەرەکییەتی. 150 فیلم لە کۆی 1500 فیلمی نێردراو لە 30 وڵاتی جیاوازەوە پێشان دەدرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەندامانی گرووپی (BTS)  لە یەکێک لە کۆنسیرتەکانیاندا

دوای چوار ساڵ دابڕان (BTS) گەشتێکی جیهانیی رادەگەیێنێت

گرووپی کەی-پۆپی (BTS)، گەڕانەوەی خۆی بۆ سەر تەختەی شانۆ بە گەشتێکی جیهانیی فراوان لە 2026-2027 راگەیاند، ئەمەش یەکەمین دەرکەوتنی بەکۆمەڵی ئەندامانی گرووپەکەیە دوای تەواوکردنی خزمەتی سەربازی لەلایەن سەرجەم ئەندامەکانیانەوە.