رووداو دیجیتاڵ
دوای 19 ساڵ لە ژیانی هاوژینی، دادگەیەکی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی لەبارەی جیابوونەوەی نیکۆڵ کیدمەن، ئەکتەری ئوسترالی و کیس ئۆربن، گۆرانیبێژی ئوسترالی دەرکرد.
رۆژی سێشەممە، دادوەرێک لە شاری ناشڤیڵ لە ویلایەتی تێنسی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هاوژینیی ئەم دوو ئەستێرە ئوسترالییەی واژۆ کرد. دادوەرەکە لە کۆنووسی دادگەدا ئاماژەی بەوە کردووە، رێککەوتنی نێوان هەردوولا لەسەر دابەشکردنی دارایی و مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان گونجاوە و هیچ گرفتێکی یاسایی نییە.
نیکۆڵ کیدمەن لە ئەیلوولی 2025ـدا داوای جیابوونەوەی پێشکێش کردبوو. هەرچەندە هەواڵی جیابوونەوەی ئەم دوو ئەستێرەیە بۆ هەوادارانیان چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام وەک لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، پڕۆسەکە لە مێژە کاری بۆ کراوە و لە هەمان رۆژی پێشکێشکردنی داواکارییەکەدا، هەردوولا لەسەر هەموو پرسە یاسایی و داراییەکان رێککەوتبوون.
بەگوێرەی یاسای ویلایەتی تێنسی، ئەو هاوژینانەی منداڵی تەمەن بچووکیان هەیە، دەبێت 90 رۆژ وەک مۆڵەت چاوەڕێ بکەن پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی جیابوونەوەیان بدرێت.
کیدمەن و ئۆربن کە تەمەنی هەردووکیان 58 ساڵە، خاوەنی دوو کچی هەرزەکارن. لە ناوەڕۆکی داواکاریی جیابوونەوەکەیاندا هاتووە کە هۆکارەکەی بۆ "کێشەی خێزانی و نەگونجان لەگەڵ یەکدی" دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئەو پلانەی دادگە پەسندی کردووە، نیکۆڵ کیدمەن دەبێتە سەرپەرشتیاری سەرەکیی منداڵەکان و بڕیارە لە شاری ناشڤیڵ بمێننەوە. هەروەها هەردوولا رێککەوتوون کە داوای هیچ هاوکارییەکی دارایی لە یەکدی نەکەن و سامانە هاوبەشەکەشیان بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت.
نیکۆڵ کیدمەن و کیس ئۆربن لە 2005 لە لۆس ئەنجلس یەکدیان ناسی و لە 2006 لە سیدنی ژیانی هاوژینییان پێکهێنا. لە ماوەی ئەو دوو دەیەی پێکەوە بوون، بەردەوام وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین هاوژینە ئەستێرەکان لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا دەردەکەوتن.
ئەمە یەکەم ئەزموونی هاوژینی بوو بۆ کیس ئۆربن، بەڵام بۆ نیکۆڵ کیدمەن دووەم بوو؛ کیدمەن لە نێوان 1990 بۆ 2001 هاوژینی تۆم کرووز، ئەکتەری ئەمریکی بووە و دوو منداڵیشیان لە یەکدی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ