رووداو دیجیتاڵ
تەنیا دوای دوو هەفتە و نیو لە نمایشکردنی و بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر، کۆمپانیای لایۆنزگەیت بڕیاریدا بەشی دووەمی فیلمی (The Housemaid) بەرهەمبهێنێت کە سیدنی سوینی، ئەکتەری سەرەکییەتی.
کۆمپانیای لایۆنزگەیت رۆژی سێشەممە، رایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵدا دەست بە وێنەگرتنی بەشی دووەمی فیلمەکە بە ناوی (The Housemaid’s Secret) دەکەن. چیرۆکی فیلمەکە لە بەشی دووەمی کتێبە پڕفرۆشەکانی نووسەر فریدا مکفادن وەرگیراوە.
(The Housemaid) لە ماوەی پشووەکانی سەری ساڵدا سەرکەوتنێکی چاوەڕواننەکراوی لە بۆکس ئۆفیس بەدەستهێنا و تەنیا لە 17 رۆژدا، زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلاری لە ناوخۆی ئەمریکا و 133 ملیۆن دۆلاری لەسەر ئاستی جیهان کۆکردووەتەوە.
بڕیارە لە بەشی دووەمدا، پۆڵ فیگ وەک دەرهێنەر و سیدنی سوینی وەک ئەکتەری سەرەکی بگەڕێنەوە، هاوکات سوینی وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری فیلمەکەش کار دەکات.
لە بەشی یەکەمی فیلمەکەدا، سیدنی سوینی رۆڵی کارەکەرێکی ماڵەوە دەگێڕێت کە لای خێزانێکی دەوڵەمەند کار دەکات، ئەماندا سەیفێرد و براندن سکلێنار رۆڵی ئەو هاوژینە دەوڵەمەندە دەگێڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ