رووداو دیجیتاڵ
بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای "وارنەر برۆس دیسکەڤەری" (WBD)، بە فەرمی پێشنیازەکەی کۆمپانیای پاراماونتی بۆ کڕینی کۆمپانیاکە رەتکردەوە و بڕیاریدا لەسەر رێککەوتنەکەی لەگەڵ نێتفلێکس سوور بێت.
رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی پاراماونت لە کاتێکدایە کە دەیڤد ئێڵیسن، سەرۆکی کۆمپانیای پاراماونت، لە 22ـی کانوونی یەکەمی رابردوو پێشنیازێکی نوێی پێشکێش کردبوو. لەو پێشنیازەدا لاری ئێڵیسن (باوکی دەیڤد و دامەزرێنەری کۆمپانیای ئۆراکڵ) گەرەنتی دارایی تەواوی پڕۆسەکەی کردبوو، بەڵام ئەمەش نەبووە هۆی رازیکردنی بۆردی (WBD).
بۆردی بەڕێوەبردنی (WBD) لە نامەیەکدا رایگەیاندووە: "بۆردەکەمان بە کۆدەنگی بڕیاریدا کە پێشنیازە دەستکاریکراوەکە هێشتا کەمە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی بەهای پێویست دابین ناکات و دڵنیایی نییە لە توانای پاراماونت بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی کڕینەکە".
وارنەر برۆس دەڵێت، ئەم پڕۆسەی کڕینە گەورەترین هەوڵی کڕینی کۆمپانیایە لە مێژوودا کە لە رێگەی قەرزەوە ئەنجام بدرێت، ئەمەش مەترسییەکی زۆر بۆ سەر خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکە دروست دەکات.
هەرچەندە پاراماونت نرخی هەر پشکێکی بە 30 دۆلاری کاش دیاری کردبوو و سزای پاشگەزبوونەوەشی بۆ 5.8 ملیار دۆلار بەرزکردبووەوە، بەڵام (WBD) دەڵێت، ئەگەر لە نێتفلێکس جیا ببنەوە دەبێت سزایەکی زۆر بدەن، بەوەش ئەو پارەیەی لە پاراماونتی وەردەگرن تەنیا 1.1 ملیار دۆلاری لێ دەمێنێتەوە.
لایەنێکی دیکەی ناکۆکییەکە پەیوەندی بە ترس لە سکاڵای یاسایی هەیە. (WBD) ئاماژەی بەوە کردووە، پاراماونت "لایەنێکی ئامادەیە بۆ شەڕی یاسایی" و هەڕەشەی سکاڵای کردووە ئەگەر پێشنیازەکەیان قبووڵ نەکرێت، ئەمەش وای کردووە وارنەر برۆس زیاتر دوور بکەوێتەوە.
دەیڤد ئێڵیسن لە راگەیێندراوێکدا دووپاتی کردەوە، پێشنیازە کاشەکەی ئەوان باشترین بژاردەیە بۆ خاوەن پشکەکان و دەبێتە هۆی گەشەکردنی بەرهەمهێنانی سینەمایی و دروستکردنی هەلی زیاتر لە هۆڵیوود.
ئەم کێبڕکێیە لە کاتێکدایە کە نێتفلێکس دەیەوێت لە رێگەی گرێبەستێکی ئاڵۆزترەوە کە پشک و کاش لەخۆدەگرێت، وارنەر برۆس دیسکەڤەری بۆ خۆی مسۆگەر بکات، لە کاتێکدا (WBD) هەوڵ دەدات بەشی (Discovery Global) وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆ جیابکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ