وروژێنەرترین ئەکتەری جیهان دەبێتە مافیا

07-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن مۆنیکا بێلوچی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مۆنیکا بێلوچی، ئەستێرەی سینەمای ئیتاڵیا و جیهان، لە فیلمێکی نوێی سینەماییەدا کە لە ریازی سعودیە وێنەگیراوە، رۆڵی سەرکردەیەکی مافیا دەگێڕێت و لە فەرەنساش سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمێکی دیکەیە.
 
بێلۆچی بۆ وێنەگرتنی نوێترین فیلمی لە گەڕەکی سان جێرمانی پاریس بوو، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی 60 ساڵی تێپەڕاندووە و ماوەی 35 ساڵە لە بواری نواندندا کار دەکات، بەڵام هێشتا داواکاری زۆری لەسەرە لەلایەن دەرهێنەرانی فەرەنسا و ئیتاڵیاوە بۆ رۆڵی ژنی سەرنجڕاکێش و وروژێنەر، هەروەها بۆ فیلمە بودجە زەبەلاحەکانی هۆلیوودیش.
 
لە ریازی سعودیه‌، بێلوچی رۆڵی لە فیلمێکی نوێدا گێڕاوە بەناوی "حەوت سەگ" و کارەکانی تەواو بوونە، کە فیلمێکی ژانری وروژاندن و سەرکێشییە. لەم فیلمەدا رۆڵی یەکێک لە سەرکردەکانی مافیا دەگێڕێت. 
 
لەلایەکی دیکەوە؛ خۆی ئامادە دەکات بۆ وێنەگرتنی فیلمی "چیرۆکەکانی شه‌و" کە هەمان ژانری هەیە، لەگەڵ لیا میسیوس، خانمە دەرهێنەری فەرەنسی. لە هەڤپەڤینێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، پێویستە ئەکتەر لەگەڵ دەرهێنەرە تازەکان کار بکات و بەردەوام بەدوای بابەتی نوێدا بگەڕێت کە وزەی پێ ببەخشێت و خۆشەویستیی بۆ پیشەکەی زیاتر بکات. 
 
مۆنیکا دەڵێت: "نامەوێت بکەومە ئەو داوە ترسناکەوە کە وادەکات ئەکتەری ژن هەست بکات لەگەڵ گەیشتن بە تەمەنی چل ساڵی کۆتایی هاتووە و ئەوەی رۆیشتووە باشترە لەوەی دێت. چونکە ئەمە سەرەتای کۆتاییهاتنی هونەرمەندە. بۆیە کارکردنم لەگەڵ دەرهێنەرە نوێیەکان گۆشەنیگای جیاواز و پێشکەوتووم پێدەبەخشێت، لە بەرامبەریشدا من ئەزموونی خۆمیان پێدەدەم. کارکردن لەگەڵ گەنجان خێراترە، هەندێک جار هەست دەکەم ئەوان پێشم دەکەون. ئەمەش شتێکی ئەرێنییە، چونکە لە ناوچە ئارامە باوەکە دەرمبهێنێت و هانم دەدات بۆ جووڵەی زیاتر."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ناسنامەی راستەقینەی ئەوەیە دایکی دوو کچە کە گەورە دەبن و دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن، وادەکەن هەست بکات کە خۆیشی گەورە بووە و لە مانای بەخشینی بێبەرامبەر تێگەیشتووە. ئەمە دیارییەکە کە هەتا هەتایە دەمێنێتەوە. ئەو دڵخۆشە کاتێک کچەکانی دڵخۆشن. لە دایکایەتیدا هێز و توانای بێسنووری خۆی بۆ خۆشەویستی دۆزیوەتەوە، تەنانەت توانای جووڵاندنی چیکانیشی هەیە. لە هەمان کاتدا، تێگەیشتووە کە چەند ناسک و لاوازیشە بەهۆی هەمان خۆشەویستییەوە: "پێش ئەوەی ببم بە دایک، ئازاد بووم. دەفڕیم و هیچ شتێک راینەدەگرتم، بەڵام دواتر بووم بە کەسێکی بەرپرس و زۆر هەستیار سەبارەت بە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە دوو کچەکەمەوە هەیە."
 
لەبارەی بەردەوامبوونی لە نواندن، بێلوچی روونیکردەوە، تاکە هێز هونەرمەند هەیەتی، لە توانای داهێنانیدا خۆی دەبینێتەوە، بەڵام ناوبانگ و خۆشەویستیی جەماوەر و بەدەستهێنانی رەزامەندیی رەخنەگران، شتانێکن لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەون.
 
هەروەها دەڵێت، هەر لە سەرەتاوە پشتی بە هەستی شەشەم و ئیلهامی خۆی بەستووە. لە منداڵیدا، لە گوندێکی نزیک شاری پێروس گەورە بووە، بە شێوەیەک سەرسامی وێنە بووە کە نەیتوانیوە شرۆڤەی بکات. هەرچەندە لە خێزانێکی هونەریدا لەدایک نەبووە، بەڵام خەیاڵی هەمیشە پێویستی بە فڕین هەبووە و تینوێتیی خۆی بە وێنەکێشان و سەیرکردنی وێنە و فیلمەکان شکاندووە. لە تەمەنی 19 ساڵیدا، هاوشان لەگەڵ خوێندنەکەی، دەستی بە کاری نمایشکردنی جلوبەرگ کرد. 
 

لە خولی رابردووی فیستیڤاڵی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا، مۆنیکا دەست لەناو دەستی تیم بێرتن، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکی دەرکەوت. ئەو ماوەی سێ ساڵە هاوبەشی ژیانیەتی و لە نێوان لەندەن، شوێنی نیشتەجێبوونی بێرتن و پاریسدا دەژین، کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو خانمە ئەکتەرەکەیە. 
 

پێشتر بێلوچی پەیوەندی لەگەڵ ئەستێرەی فەرەنسی، ڤێنسن کێسێل هەبوو، کە باوکی دوو کچەکەیەتی بە ناوەکانی دێڤا (20 ساڵ) و لیۆنی (15 ساڵ). 
 

مۆنیکا بێلوچی، لە 30ـی ئەیلوولی 1964 لەدایکبووە، لە جیهانی نمایشکردنی جلوبەرگەوە هەنگاوی ناوەتە نێو دنیای سینەما و ناوبانگێکی جیهانی هەیە. بەهۆی جوانییە سەرنجڕاکێشەکەی و توانای نواندنی لە چەندین فیلمی ئیتاڵی، ئەمریکی و فەرەنسیدا رۆڵی گێڕاوە و براوەی چەندین خەڵاتە. لە 2018 ناوی لە لیستی 100 سەرکەوتووترین ژنی ئیتاڵیادا لە لیستی ساڵانەی گۆڤاری "فۆربس"ـدا هات.
 

بێلوچی سەرەتای کاری وەک مۆدێل دەستپێکرد و بووە سیمای دیاری براندی بەناوبانگی "دۆلچێ و گابانا"، یەکەم دەرکەوتنی لە بواری نواندندا لە 1991 بوو لە کورتە زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی ئیتاڵیدا بە ناوی "Life With The Kids". دواتر لە 1992 بە رۆڵێکی بچووک لە فیلمی ترسناکی "Bram Stoker's Dracula"ـدا دەرکەوت.
 

دوای بەشداریکردنی لە چەند بەرهەمێکی ئیتاڵیدا، لە 1996 وەرچەرخانی گەورە لە ژیانی هونەرییدا بەهۆی فیلمی"The Apartment" ـەوە روویدا، بەهۆیەوە بۆ خەڵاتی سیزاری فەرەنسی بەربژێرکرا. دواتر سەرنجی بینەرانی ئەمریکی بە فیلمی "Under Suspicion" لە 2000 راکێشا و ناوبانگی جیهانیی زیاتری بەهۆی رۆڵی سەرەکی لە فیلمی "Malèna" لە هەمان ساڵدا بەدەستهێنا.
 

لە تەمەنی 50 ساڵیدا، لە بەشی نوێی زنجیرە فیلمی جەیمس بەناوی "Spectre" گێڕا و بووە بەتەمەنترین "کچی بۆند" لە مێژووی زنجیرە فیلمەکەدا. 
 
مۆنیکا بێلوچی، لە فیلمی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری کورد رۆڵی گێڕاوە، یەکەم پێشاندانی لە 37ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی تۆرۆنتۆ بوو لە کەنەدا کە بە یەکێک لە فێستیڤاڵە گرنگەکان لەسەر نەخشی فێستیڤاڵەکانی سینەما لە جیهاندا دەناسرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە