مۆنیکا بێلوچی و تێم بێرتن جیابوونەوە

20-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن مۆنیکا بێلوچی تێم بێرتن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تێم بێرتن، دەرهێنەری ئەمریکی و مۆنیکا بێلوچی، ئەکتەری ئیتاڵی، جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند و لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا کە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس نێردراوە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بڕیارەکە "بە رێز و تێگەیشتنی قووڵی دوولایەنە" بووە.
 
پەیوەندیی خۆشەویستیی نێوان بێرتن و بێلوچی لە 2023ـدا پشتڕاستکرایەوە. دوای ماوەیەکی کەم، بێلوچی لە بەشی دووەمی فیلمی کلاسیکی "Beetlejuice" دەرکەوت کە فیلمێکی ترسناک-کۆمیدییە و لە دەرهێنانی تێم بێرتن بوو. لە فیلمەکەدا، ئەکتەرە ئیتاڵییەکە رۆڵی کەسێکی خراپەکاری بە ناوی دۆلۆریس دەگێڕێت کە دەیەوێت تۆڵە لە هاوژینە پێشووەکەی بکاتەوە.
 
ئەمە یەکەم جیابوونەوەی بێلوچی نییە، پێشتر بۆ ماوەی 14 ساڵ هاوژینی ئەکتەری فەرەنسی ڤینسێنت کاسڵ بووە، لە 2013 بە فەرمی جیابوونەتەوە و دوو منداڵیان هەیە. هەروەها تێم بێرتن پێشتر پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ هێلێنا بۆنهام کارتەر، ئەکتەری بەریتانی هەبووە و دوو منداڵیشیان پێکەوە هەیە.
 
تێم بێرتن (67 ساڵ) بە ستایلی تایبەتی دەرهێنانی ناسراوە کە ئاوێتەیەکە لە ژانری کۆمیدیا و فانتازیا و ئەمەش ناوبانگێکی جیهانیی پێبەخشیوە.
 
مۆنیکا بێلوچی (60 ساڵ) بە یەکێک لە جوانترین رووخسارەکانی سینەمای ئیتاڵی و جیهانی دەناسرێت، لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، بەناوبانگترین فیلمیشی (Malèna)، هەرچەند تەمەنی گەورە بووە، بەڵام ئێستاش سرنجی میدیاکان بەلای خۆیدا رادەکێشێت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە