رووداو دیجیتاڵ
بەشی دووەمی فیلمی ترسناکی (Five Nights at Freddy’s) لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا توانی 56.6 ملیۆن دۆلار لە سینەماکانی ئەمەریکا کۆبکاتەوە و ببێتە خاوەنی باشترین دەستپێکی مێژوو لە دوای پشووەکانی جەژنی سوپاسگوزارییەوە، ئەوەش سەرەڕای رەخنەی تووندی رەخنەگرانی سینەما.
فیلمەکە توانی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکات و ببێتە خاوەنی بەرزترین داهاتی دەستپێکی فیلمێکی ترسناک لە مانگی کانوونی یەکەمدا لە مێژووی بۆکس ئۆفیسدا، بەمەش پێش فیلمی (Scream 2) کەوتەوە. هەروەها وەک پڕداهاتترین فیلمی ترسناکی جۆری (PG-13) بۆ ئەمساڵ دەستنیشان کرا.
جیاوازییەکی زۆر لە نێوان رای رەخنەگران و جەماوەردا هەیە؛ لەکاتێکدا لە ماڵپەڕی (Rotten Tomatoes) تەنیا 13%ـی رەخنەگران فیلمەکەیان پەسند کردووە، بەڵام بینەران پێشوازییەکی گەرمیان لێکردووە و پلەی (B)ـیان لە سینەما سکۆر پێداوە، کە بۆ فیلمێکی ترسناک پلەیەکی باشە.
هەرچەندە داهاتەکەی نەگەیشتە ئاستی بەشی یەکەم کە بە 80 ملیۆن دۆلار دەستیپێکردبوو، بەڵام بە بڕوای چاودێران؛ بەهۆی جیاوازی کاتی نمایشکردنەوە، ئەم داهاتەی ئێستای سەرکەوتنێکی گەورەیە.
لە ریزبەندی دووەمی بۆکس ئۆفیسدا، فیلمی ئەنیمەیشنی (Zootopia 2)ـی دیزنی دێت کە 45 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە و کۆی داهاتەکەی گەیاندووەتە سەرووی 222 ملیۆن دۆلار.

لە ریزبەندی سێیەمدا، بەشی دووەمی فیلمی (Wicked: For Good) دێت بە کۆکردنەوەی 15.6 ملیۆن دۆلار، بەراورد بە هەفتەکانی پێشوو دابەزینێکی بەرچاوی بەڕێژەی 75% بەخۆیەوە بینیوە.

هەروەها فیلمی ئەنیمێی (Jujutsu Kaisen: Execution) لە ریزبەندی چوارەم دێت بە 10 ملیۆن دۆلار.

لە رووداوێکی سەرنجڕاکێشدا، فیلمی (Kill Bill: The Whole Bloody Affair)ـی دەرهێنەر کوێنتن تارانتینۆ کێبڕکێ لەسەر ریزبەندی پێنجەم دەکات. ئەم فیلمە هەردوو بەشی یەکەم و دووەمی زنجیرەکەی ئاوێتە کردووە و دیمەنێکی نوێی تێدایە کە پێشتر نەبینراوە؛ ماوەی فیلمەکە دەگاتە 281 خولەک و 15 خولەک پشووی بۆ دانراوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ