رووداو دیجیتاڵ
30یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بووسان لە کۆریای باشوور بەڕێووەچوو و هێمن خالیدی، دەرهێنەری کورد بە بەڵگەفیلمی (ئاوازی باڵەکان) بەشداری کرد و خەڵاتی بردەوە.
هێمن خالیدی، بە رووداوی راگەیاند، بە بەڵگەفیلمی (ئاوازی باڵەکان) لە 30یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بووسان بەشداربوو و خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بردەوە.
لە فێستیڤاڵەکەدا دەرهێنەر جلوبەرگی کوردی پۆشیبوو و ناوی فیلمەکەی لەسەر جلەکەی نەخشاندبوو.
فیلمی (ئاوازی باڵەکان) یەکەم ئەزموونی هێمن خالیدییە لە بواری دەرهێنان، تێیدا باسی چیرۆکی ژنێك لەگەڵ لەقلەقەکانی گوندی دەرەتفێی مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
پوورە خەجێ، لەقلەقێکی باڵشکاو چارەسەر دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە لای ئەو دەستە لەقلەقەی کە ئامادەن بۆ کۆچکردن، لە هەمان کاتدا کچەکەی پوورە خەجێ بڕیاری کۆچکردن بۆ ئەورووپای داوە، تاوەکو بچێتە لای هاوژینەکەی.
هێمن خالیدی، گوتیشی: "هیوادارم فیلمەکەم بتوانێت ئەو جۆرە بێت کە شایانی سینەمای کوردییە، بتوانێت نوێنەرێکی باشی سینەمای کوردی بێت و بەڕاستی بەدەستهێنانی خەڵات لە فێستیڤاڵەکەدا زۆر دڵخۆشی کردم".
فیلمەکە دوای فێستیڤاڵی فیلمی بووسان، لە فێستیڤاڵی فیلمی زوریخ و لەندەن بەشدار دەبێت و پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ