رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین مانگ لە دەنگۆ و قسەوباس، کەیتی پێری، ئەستێرەی جیهانیی پۆپ، بە فەرمی پەیوەندیی سۆزداریی خۆی لەگەڵ جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی کەنەدا راگەیاند.
کەیتی پێری (41 ساڵ)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام وێنەیەکی سێڵفیی بڵاوکردەوە، تێیدا لە باوەشی ترودۆ دەرکەوتووە و لەژێر گەڵا وەریوەکانی پاییز لە ژاپۆن وێنەکەیان گرتووە.
پێری لەسەر وێنەکە نووسیویەتی: "تۆکیۆ لە گەشتەکەدا و زیاتریش". ئەمەش لە کاتێکدایە کە بۆ سازکردنی کۆنسێرتێک لە چوارچێوەی گەشتە هونەرییەکەیدا (Lifetimes Tour) لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن بووە.
لە پۆستەکەدا کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی دیکەش هەن، لەوانە ڤیدیۆیەکی رەش و سپی، تێیدا دەردەکەوێت هەردووکیان پێکەوە سووشی دەخۆن و ترودۆ خانمە گۆرانیبێژەکە لە باوەش دەگرێت، هەروەها وێنەی ساتەکانی سەردانی مۆزەخانەی هونەریی (teamLab) بڵاوکراونەتەوە.
ئاشکراکردنی ئەم پەیوەندییە دوای دوو رۆژ دێت لە دەرکەوتنی ترودۆ لە وێنەیەکدا کە فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن لەگەڵ هاوژینەکەی بڵاویکردبووەوە، تێیدا کەیتی پێری وەک "هاوبەش"ـی ترودۆ ناساندبوو؛ ئەوەش ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاستکردەوە کە لە تەممووزی رابردووەوە دەستیانپێکردبوو.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی گۆڤاری (Us Weekly)، سێ مانگ لەمەوبەر پەیوەندیی نێوان ئەو دووانە بەهۆی خشتەی کارە چڕەکانی کەیتی پێرییەوە هێندە گەرم نەبووە، بەڵام لە تشرینی یەکەمی رابردوودا سەرچاوەیەک ئاشکرای کردبوو کە خانمە هونەرمەندەکە "زۆر سەرسامە" بە ترودۆ، بەڵام هەوڵ دەدات پەیوەندییەکە لەژێر تیشکی میدیاکان دووربخاتەوە.
ئەم پێشهاتە دوای چەند هەفتەیەک دێت لە پشتڕاستکردنەوەی جیابوونەوەی کەیتی پێری لە ئۆرلاندۆ بلوومی دەستگیرانی، کە پەیوەندییەکەیان نۆ ساڵی خایاند و خاوەنی کچێکن بەناوی دەیزی دۆڤ (5 ساڵ). هەردوولا جەختیان کردەوە کە لەپێناو کچەکەیاندا وەک "یەک خێزان" دەمێننەوە.
جەستن ترودۆ و سۆفی گرێگوار لە هاوینی 2023 دوای 18 ساڵ هاوژینی؛ جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکارەکانی تەڵاقدانیان بە فەرمی ئەنجام نەداوە، ئەوان خاوەنی سێ منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ