رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە؛ ئەوەش لەکاتێکدایە هەردووکیان ماوەی 18 ساڵ بوو هاوژینی یەکدی بوون.
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رۆژی چوارشەممە (2ـی ئابی 2023) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، رایگەیاند، کە لە سۆفی گریگۆرـی هاوسەری جیابووەتەوە.
ترودۆ نووسیویەتی "دوای چەندین گفتوگۆی قورس و مانادار، بڕیارمان دا جیاببینەوە."
هاوکات، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هەردوو هاوژینەکە رێککەوتننامەی جیابوونەوەیان واژۆکردووە."
بەشێک لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە کۆمێنتدا دڵگرانیی خۆیان بە هەواڵی جیابوونەوەی سەرۆکوەزیران و هاوژینەکەی دەربڕیوە و بەشێکیشیان کۆمێنتی گاڵتەئامێزیان بۆ نووسیوە.
هاووڵاتییەک نووسیویەتی، "ئەو [ترودۆ] ناتوانێت ژیانی هاوژینی بەڕێوەبەرێت، چۆن دەتوانێت وڵات بەڕێوەببات؟"
یەکێکی دیکە نووسیوویەتی "تکایە لە هەموو کەنەدا جیابەرەوە"، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکوەزیران بێت.
جەستن ترودۆ و سۆفی گریگۆر هاوڕێی منداڵی یەکدی بوون و لە ساڵی 2003 لە ئاهەنگێکی خێرخوازیدا یەکدیان بینییەوە، دوای دوو ساڵ لە مۆنتریاڵ ژیانی هاوژینییان پێکهێنا.
بەرهەمی هەژدە ساڵی هاوسەرگیریی ترودۆ و گریگۆ، سێ منداڵن بەناوەکانی خافیێر، ئێلا و هادرێین.
جیابوونەوەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، بە دووەم جیابوونەوەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە هاوژینەکەی دادەندرێت لەکاتێکدا لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا بوون. دوای ئەوەی پیێر ترودۆ، باپیری جەستن ترودۆ کە چەند خولێک سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بوو، لە ساڵی 1984 لە هاوژینەکەی جیابووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ