رووداو دیجیتاڵ
ژنە نووسەرێکی کورد، کتێبێک بەناونیشانی (چیرۆکی ژنانی کورد- Kurdish Women’s Stories) چاپ و بڵاودەکاتەوە، کە چیرۆک و بەسەرهاتی 25 ژنی لە چوار پارچەی کوردستان تێدا نووسراوەتەوە.
هۆزان مەحموود بە رووداوی گوت: "ئەم کتێبە گێڕانەوە و بەسەرهاتی 25 ژنی هەر چوارپارچەی کوردستان و دایاسپۆرای لەخۆ گرتووە. کتێبەکە لە لەندەن لە چاپخانەی (پلوتۆ پرێس) و لە کەنەداش لە چاپخانەی (زانکۆی ئەلبێرتا) چاپکراوە. ئێستا لە رێگەی ئۆنڵاینەوە دەفرۆشرێت".
هەر هەمان کتێب پێشتر بە کوردی لە کوردستان لە نۆڤێمبەری 2019 لەلایەن دەزگای نووسیار بە هەندێک جیاوازییەوە چاپ و بڵاوکرایەوە. چاپە کوردییەکە ناوی (خودنووسینەوەی ژنان) بوو. بەڵام ئینگلیزییەکەی هەندێک گۆڕانکاری تێداکراوە و چیرۆکی زیاتر لە خۆدەگرێت.
هۆزان مەحموود دەڵێ: "گرنگی کتێبەکە لەوەدایە کە دەیەوێت ژنی کورد لە دەرەوەی ئەو وێنا جیاواز و تاڕادەیەک چەقبەستووە نیشانی جیهان بدات، کە تاوەکو ئێستا دونیا وێنای کردووە. بۆ نموونە؛ تاڕادەیەکی زۆر ژنی کورد یان وەک قوربانی تووندوتیژی خێزانی و کوشتنی نامووسی، یان وەک چەکدار و شەڕکەر ناوی دەرکردووە. لە کاتێکدا وێنە و رۆڵ و پێگەی ژنی کورد لەوە زیاتر و ئاڵۆزترە".
ئەزموونی ژنەکان لە سیاسەت، خەباتی چەکداری، زیندانیکردن، ئەزموونکردنی تەعریب و لەدەستدانی کوڕ و باوک و ئازیزانیان، تا دەگاتە بەریەککەوتنی ژنان بە دونیای ئەدەب و شیعر و هونەر، هەروەها کێشمەکێشی کچانێکی گەنج لەگەڵ دونیای ئێستای سیاسەت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەوڵی ئەوان بۆ گۆڕینی دونیای خۆیان و چواردەوریان. تاوەکو دەگاتە بەریەککەوتنی ژنان لەگەڵ تووندوتیژی خێزانی و وەستانەوەیان بەرامبەر بەو نادادییەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، هەموو ئەمانە بابەتی سەرەکی ئەم کتێبەن.
هۆزان مەحموود ئاماژە بەوە دەکات، لەم کتێبەدا لە رێگەی گێرانەوەی راستەوخۆی ژیانی ژنان خۆیانەوە، خوێنەر بەر ئازار، دژواری، بەرخۆدان، بەرەنگاری، جوانی و ئازایەتی ژنی کورد دەکەوێت. لێرەوە ئەم کتێبە نیشانی دەدات؛ کە ژن بە تەنیا قوربانی نییە، بەڵکو جەنگاوەریشە بۆ مافی خۆی. زۆربەی ئەم ژنانە بە هەوڵ و کۆڵنەدانی خۆیان لە هەر گۆشەیەکی دونیادا کە دەژین، توانیویانە لە بواری خۆیان و ژیانی خۆیاندا ژنێکی خۆڕاگر، ژیر و بوێر و سەرکەوتوو بن.
هۆزان مەحموود دەڵێت: "بەگشتیی ئەم کتێبە کۆکراوەیەکە لە دەنگ و بیروڕای جیاواز و تەمەنی جیاواز و پیشە و جوگرافیای جیاواز کە فۆرمی کەسایەتی ژنانی کوردی کردووە. ژنان بە درێژایی مێژوو و نەوە لە دوای نەوە، ئەزموونی ژیانیان لە ژێر دەستی رژێمە دیکتاتۆر و فاشیستەکاندا بەسەر بردووە، تا دەگاتە ئەمڕۆ و شەڕ لە دژی داعش. ئەم کتێبە دەنگی کۆلێکتیڤی 25 ژنی کوردە، کە پێمان دەڵێن؛ ژیان تەنیا ماڵوێرانی و جەنگ نییە، بەڵکو بەرەنگاری و عەشقە بۆ ژیان، هاوپشتی و کەوتن و هەستانەوەیە.
هۆزان مەحمود، ماستەری لە بواری جێندەر لە زانکۆی (سۆواس، لەندەن) بەدەستهێناوە. چەندین وتاری لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکانی وەکو '' ئیندیپێندەنت، گاردیەن، تریبیون و نیوستەیتمان'' بڵاوکردووەتەوە. دامەزرێنەری (پڕۆژەی کولتوورە) و دەستەی نووسەرانی کولتوور مەگەزینە. ساڵانێک لە بواری پەروەردە و فێرکردندا لە کۆلێژ و قوتابخانە دواناوەندییەکانی لەندەن کاری کردووە.
وتارەکانی هۆزان تایبەتن بە بارودۆخی ژن لە کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ سەر کۆمەڵێک زمان وەرگێڕدراون. ساڵانە لە چەندین کۆنفرانسی نێودەڵەتی و زانکۆکان و لەلایەن رێکخراوە فێمینیستیەکانی جیهانەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ قسەکردن لەسەر دۆزی ژن.
هۆزان براوەی خەڵاتی (ئێما هەمفری) بەریتانیە بۆ ساڵی 2016 و هەروەها خەڵاتی سێکۆلاریزمی 2018 لە لەندەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ