رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەریتانیا رایانگەیاند، تابلۆیەکی نوێی سەر دیواری هونەرمەندی شەقامی ناسراو بە بانکسی لادەبەن، کە دادوەرێک نیشان دەدات بە چەکوشەکەی لە خۆپێشاندەرێکی بێچەک دەدات. تابلۆکە لەسەر دیواری دەرەوەی یەکێک لە ناسراوترین دادگەکانی لەندەن کێشراوە.
بانکسی، هونەرمەندێکی شەقامی بەریتانییە کە بە شێوازی شێوەکاریی (ستێنسڵ - Stensil) و نووسینی گرافیتی ناسراوە و تاوەکو ئێستا ناسنامەی بە شاراوەیی ماوەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کەس نازانێت کێیە، بە یەکێک لە کاریگەرترین هونەرمەندانی سەردەم دادەنرێت.
بانکسی دیوارە گشتییەکان وەک کانڤاسی کارەکانی بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دژە جەنگ، ئەمەش وایکردووە کارەکانی بەردەوام مشتومڕی زۆر دروست بکەن.
تابلۆ نوێیەکە رۆژی دووشەممە 8ـی ئەیلوولی 2025 دەرکەوت، تێیدا خۆپێشاندەرێک لەسەر زەوی کەوتووە و تابلۆیەکی خوێناویی بەدەستەوەیە، لە کاتێکدا دادوەرێک بە جلوبەرگی فەرمی و باڵاپۆشی رەشەوە بە چەکوشەکەی لێی دەدات.
بانکسی وێنەی بەرهەمەکەی لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی بڵاوکردەوە، ئەمەش شێوازی بەردەوامیەتی بۆ پشتڕاستکردنەوەی کارەکانی. لەسەر وێنەکە نووسراوە "دادگەی شاهانەی داد. لەندەن".

لە هەمان رۆژدا بەرپرسانی ئاسایشی دەرەوەی دادگەکە، بەرهەمەکەیان بە پارچە پلاستیکی رەش و دوو بەربەستی ئاسن داپۆشی و لەلایەن دوو پۆلیس و کامێرای چاودێرییەوە پاسەوانی دەکرێت.

بەپێی راگەیێندراوی دەستەی دادگەکان و دادگەرییەکانی بەریتانیا (HMCTS)، لەبەر ئەوەی باڵەخانەکە تەمەنی 143 ساڵە و بە ستایلی تەلارسازیی گۆتیکی ڤیکتۆری دروستکراوە، تابلۆکە بە رەچاوکردنی گرنگییە مێژووییەکەی لادەبرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دادگەی شاهانەی داد باڵەخانەیەکی تۆمارکراوە و دەستەکەمان پابەندە بە پاراستنی شێوازە رەسەنەکەی". باڵەخانە تۆمارکراوەکان بە گرنگترین شوێنەوار و باڵەخانە مێژووییەکانی وڵات دادەنرێن و بە یاسا پارێزراون.
هەرچەندە کارە هونەرییەکە ئاماژە بە رووداو یان کەیسێکی دیاریکراو ناکات، بەڵام چالاکڤانان وەک ئاماژەیەک بۆ قەدەخەکردنی گرووپی (فەلەستین ئاکشن) لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە لێکیان دایەوە. رۆژی شەممەی رابردوو، نزیکەی 900 کەس لە خۆپێشاندانێکی ئەو گرووپەدا لە لەندەن دەستگیرکران.

پێشتر دادوەران داواکاریی تانەدان لە قەدەخەکردنی گرووپی (فەلەستین ئاکشن)رەتکردەوە، دواتر دادوەرێکی دادگەی باڵا رێگەی بە پێشکێشکردنی تانەکە دا، هەرچەندە حکومەت ئێستا دژی ئەو بڕیارە وەستاوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ