تابلۆیەکی بەناوبانگی بانکسی لە دیواری باڵەخانەیەک گواسترایەوە

27-07-2025
پەسار فایەق
چەند کاژێرێک بەر لە گواستنەوەی تابلۆی "منداڵە کۆچبەرەکە"
چەند کاژێرێک بەر لە گواستنەوەی تابلۆی "منداڵە کۆچبەرەکە"
نیشانەکردن بانکسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شارەزایانی نۆژەنکردنەوەی هونەری لە ئیتاڵیا، تابلۆیەکی گرافیتیی بانکسی، هونەرمەندی شەقام بە ناوی "منداڵە کۆچبەرەکە"، لەسەر دیواری باڵەخانەیەک لە شاری ڤێنیس گواستەوە. پڕۆسەکە لەلایەن بانکێکی ئیتاڵییەوە پارەی بۆ دابینکراوە و ئامانج لێی پاراستنی کارەکە و نمایشکردنییەتی لە داهاتوودا.
 
بەرپرسانی پڕۆژەکە رایانگەیاند، لابردنی تابلۆکە لەسەر دیواری باڵەخانەی "پاڵازۆ سان پانتالۆن" کە دەڕوانێتە سەر کەناڵە ئاوییەکانی ڤێنیس لە ئیتاڵیا، بە راوێژ لەگەڵ کەسانی نزیک لە خودی بانکسی بووە، کە ناسنامەی بە نهێنی ماوەتەوە.
 
تابلۆکە وێنەی منداڵێکی رزگاربووی رووداوێکی نوقوومبوونی بەلەم پێشان دەدات کە قاچەکانی لەناو ئاوی ڤێنیسدایە و بۆمبێکی دووکەڵی بەدەستەوەیە و هێلەگی رزگاربوونی لەبەردایە. تابلۆکە یەکەمجار لە مانگی ئایاری 2019 بینرا، دواتر خودی بانکسی لەڕێگەی پەیجە فەرمییەکانییەوە پشتڕاستی کردەوە کە کاری خۆیەتی. لەوکاتەوە، شوێنی تابلۆکە لەسەر نەخشە ئۆنلاینەکان دیاریکرا و بووە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە.
 
بەهۆی پشتگوێخستن و کاریگەریی شێ و ئاووهەواوە، نزیکەی یەک لەسەر سێی کارە هونەرییەکە زیانی پێگەیشتووە.
 
پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن فێدریکۆ بۆرگۆنی، پسپۆری نۆژنەکردنەوەی کارە هونەرییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە سەرەتا تۆز و پیسی سەر رووکەشەکەی پاککردووەتەوە، دواتر بەشێک لە دیوارەکەی بە تابلۆکەوە لێکردووەتەوە.
 
بڕیارە دوای تەواوبوونی کاری نۆژەنکردنەوە، کارە هونەرییەکە لە چوارچێوەی چالاکییە کولتوورییە خۆڕاییەکانیدا بۆ خەڵک پێشان بدرێت، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ ئەمە دیاری نەکراوە.
 
بانکسی ناوێکی خوازراوی هونەرمەندێکی شەقامی بەریتانییە کە ناسنامەی تاوەکوو ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە. ئەو بە کارە هونەرییە تەنزئامێز و رەخنەگرانەکانی ناسراوە کە زۆرجار پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتیی قووڵیان هەڵگرتووە. کارەکانی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و لە شەوێکدا لەسەر دیوارە گشتییەکانی شارە جیاوازەکانی جیهان دەردەکەون.
 
هونەرەکەی بەگشتی رەخنەیە لە جەنگ، سەرمایەداری و دووڕوویی. یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکانی، تابلۆی "کچێک و باڵۆنێک" بوو کە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە زیاتر لە یەک ملیۆن پاوەند فرۆشرا.
 
ساڵی 2008، خانەی سۆزبیز لە نیویۆرک، کارێکی هونەریی ئەو شێوەکارەی بە بڕی 1,800,000 دۆلاری ئەمریکی فرۆشت. داهاتی فرۆشتنی بەشێکی زۆری بەرهەمە شێوەکارییەکانی دەدرێتە خاوەنی ئەو شوێنانەی کە کارەکانیان لەسەر کێشراوە.
 
هەرچەندە گومان لە چەند شێوەکارێکی بەریتانی دەکرێت کە بە ناوی بانکسییەوە ئەم بەرهەمانە دروست بکەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا ناسنامە راستەقینەییەکەی ئاشکرا نەکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە