رووداو دیجیتاڵ
تابلۆیەکی بانکسی، وێنەکێشە نەناسراوەکی سەرشەقام، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەخرێتەڕوو، پێشبینی دەکرێت بە بڕی 6.3 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت.
تابلۆکە دووبارە کێشانەوەی تابلۆی "The Singing Butler"ـی جاک ڤێتریانۆ، شێوەکاری سکۆتلەندییە کە دوو هاوژین لە کەنار دەریا سەما دەکەن و کەسێک چەتری بۆیان راگرتووە، بەڵام بانکسی تابلۆکەی بە دەستکارییەوە کێشاوەتەوە و کردوویەتی بە مژارێکی ژینگەیی، کەشتییەکی تێکشکاوی نەوت لە نێو دەریا و دوو کەسی دیکە پێشاندەدات کە سەرقاڵی گواستنەوەی بەرمیلێک پاشماوەی ژەهراوین.
بڕیارە لە ئاداری 2025 تابلۆکە لە خانەی سۆزبیز، لە لەندەنی بەریتانیا بخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە، ئێستا تابلۆکە بۆ بینین لەو خانەیە بەردەستە.
بانکسی تابلۆکەی ناو ناوە "Crude Oil (Vettriano)"، نرخی لە نێوان سێ بۆ پێنج ملیۆن پاوەندە، بەشێکی پارەکەی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکرێت.
بانکسی یەکێک لە شێوەکارە ناودارەکانی جیهانە، لەرێگەی کارە هونەرییەکانییەوە لەسەر دیواری شوێنە گشتییەکان ناسراوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکردووە.
لە 2008ـدا خانەی سوزبێز لە نیۆیۆرک، کارێکی هونەریی ئەو شێوەکارەی بە بڕی یەک ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشت، جگە لە فرۆشتنی چەندین تابلۆی دیکەی بە ملیۆنان دۆلار.
بەشێکی زۆری بەرهەمە شێوەکارییەکانی دەفرۆشرێن، پارەکەی بە خاوەنی ئەو شوێنانە دەدرێت کە وێنەکەی لەسەر کێشراوە.
هەرچەندە گومان لە چەند شێوەکارێکی بەریتانیا دەکرێت کە بە ناوی بانکسی ئەم بەرهەمانە بڵاوبکەنەوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی راستەقینەی ئاشکرا نەکراوە.
ئەو وێنەکێشە بەریتانیاییە، بە شێوەی رەخنە و گاڵتەئامێز، گوزارشت لە مژار و رووداوەکان دەکات.
لە 2025 مۆزەخانەی بانکسی لە نیویۆرکی ئەمریکا کرایەوە، تێیدا گەورەترین کاری هونەریی سەر دیواری هونەرمەندانی نادیار، بە قەبارەی سرووشتی خۆی لەخۆدەگرێت.
پێشتر هازیز ڤاردار، دامەزرێنەری مۆزەخانەکە رایگەیاندبوو، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بیرۆکەی دروستکردنی مۆزەخانەکەی بە خەیاڵدا هات، بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو بەرهەمە هونەرییانە بکرێت کە بە خێرایی لەناو دەچن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، زۆربەی کارە هونەرییەکانی سەر دیوار نامێنن و دەدزرێن، یاخود لەلایەن شارەوانییەکانەوە رەش دەکرێنەوە.
ڤاردار، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، ناسنامەی ئەو هونەرمەندانەی لەسەر دیوار وێنە دەکێشن، بە نهێنی دەمێننەوە و بەرهەمەکانیان بۆ فرۆشتن نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ