رووداو دیجیتاڵ
برونو مارس، گۆرانیبێژی ئەمریکی، بەهۆی شەڕی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل، کۆنسێرتێکی لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە و ئەو وڵاتەی جێهێشت.
ئەو هونەرمەندە رۆژی یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2023، لە فرۆکەخانەی بن گۆریۆن بینراوە کە لەگەڵ ستافێکی 60 کەسی؛ ئیسرائیلی جێهێشتووە و فرۆکەکەی بەرەو ئەسینای یۆنان فڕیوە و لەوێشەوە چووەتە قەتەر بۆ درێژەدان بە گەشتە هونەرییەکەی.
ئەو شەڕە کاریگەری لەسەر چالاکییە هونەرییەکان هەبووە و بەهۆیەوە چالاکییەکان وەستاون.
مارس رۆژی چوارشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2023 کۆنسێرتێکی لە تەلئەڤیڤ سازکرد و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا و میدیاکان باس لەوە دەکەن کە 60 هەزار هەواداری ئامادەبوونە، ئەمەش تەنیا 48 کاژێر بەر لە هێرشەکەی حەماس بوو بۆ سەر ئیسرائیل.
برونو مارس، لە 1985 لە ئەمریکا لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووس و بەرهەمهێنەری گۆرانییە، بەرهەمەکانی لە شێوازی پۆپ، ئار ئاند بی، دیسکۆ و رۆک و چەندین جۆری دیکەن.
لە 2010 لە رێگەی گۆرانی 'Nothin' on You' ناوبانگی پەیداکردووە، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی لە هەمان ساڵدا بەناوی 'Doo-Wops & Hooligans' بڵاوکردووەتەوە، دووەم ئەلبوومیشی بەناوی 'Unorthodox Jukebox' لە 2012 بڵاوکردەوە کە یەکەم ئەلبوومی بوو لە لیستی 'Billboard 200'ـدا بێت.
ئەو هونەرمەندە ناوبانگییەکی جیهانیی هەیە و زیاتر لە 130 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون، هەشت لە گۆرانییەکانی لە ریزبەندی یەکەمی لیستی 'Billboard Hot 100'ـدا هاتوونە، براوەی 15 خەڵاتی گرامییە، چوار خەڵاتی برێت، 11 خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و سێ ریکۆردی جیهانیی هەیە و لە کتێبی گینس تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ