فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک بە بەرهەمی دەرهێنەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکات

09-12-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن My Uncle Jens
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی سینەمایی (My Uncle Jens) لە نووسین و دەرهێنانی بڕوا وەهابپوور، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک فیلمی دەستپێکی 12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندەدرێت.
 
فیلمەکە یەکەم ئەزموونی درێژی دەرهێنەرە و ژانرەکەی کۆمیدی-دراماییە، ماوەکەی 98 خولەکە، بەرهەمی نەرویجە و بە زمانی کوردی و نەرویجییە.
 
لەم بەرهەمە سینەماییەدا، پەیمان عەزیزپوور، هەمزە ئاگشوشی و سارا فرانسیسکا برین رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
(My Uncle Jens) باس لە مامۆستایەکی گەنج دەکات لە ئۆسلۆ بە ناوی ئاکام، کە سەردانی لەناکاوەی مامی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ژیانی تێکدەدات و دەبێتە هەوێنێک بۆ بەکەیگەیشتنی دوو کولتووری جیاواز.
 
پەیمان عەزیزپوور، ئەکتەریی کورد و بەشداربووی فیلمەکە، بە رووداوی راگەیاند، بۆ پێشاندانی فیلمەکە لە فێستیڤاڵدا کە وەک فیلمی دەستپێک دیاریی کراوە، لەگەڵ دەرهێنەر و مۆنتێری فیلمەکە ئامادەبووە و ئێستا لە دهۆکن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە دوو پێشاندانی بۆ دەکرێت، یەکەمیان لە دەستپێکی فێشتیڤاڵە، دووەمیان کاژێر 8:00ـی شەوی سبەی چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە سینەما ماکس لە دهۆك مۆڵ دەبێت.
 

ئەمڕۆ سێشەممە، 12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە دروشمی (وشکەساڵی) و بە بەشداربوونی 110 فیلمی کوردی و بیانی دەستپێدەکات و ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت.
 

پەیمان عەزیزپوور، لە 2024 لە زنجیرەی (Midsummer Night) لەگەڵ قادر تاڵەبانی، ئەکتەری کورد رۆڵی گێڕاوە کە لە نێتفلێکس بڵاوکرایەوە و لە هەفتەی یەکەمی پێشاندانی لەو تۆڕە، پڕبینەرترینی وڵاتانی سکەندەنافیا بووە.
 
پەیمان عەزیزپوور، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە 1995 لەدایکبووە و لە نەرویج دەژی، لە چەند بەرهەمێکی شانۆیی، تەلەڤزیۆنی و سینەماییدا رۆڵیگێڕاوە. 
 
فیلمی (My Uncle Jens) لە 2025ـدا لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا بەشداربوو، یەکەم بەشداریی لە 10ـی ئادار لە فێستیڤاڵی فیلمی (SXSW) لە ئەمریکا دەستیپێکرد و هەفتەیەک دواتر لە فێستیڤاڵی فیلمی کۆسمۆراما لە نەرویج نمایشکرا، بەر لەوەی لە 4ـی نیسان لەو وڵاتە بچێتە سەر شاشەکان. 
 
فیلمەکە لە 20ـی حوزەیران گەیشتە فێستیڤاڵی فیلمی تایپێ لە تایوان و دوای نمایشکردنی لە 22ـی ئاب لە سوێد، لە وەرزی پاییزدا بەشداریی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لایدن لە هۆڵەندا کرد و لە 15ـی تشرینی دووەمیشدا لە فێستیڤاڵی فیلمی (Northern Lights) لە بیلارووس بەشداربوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێوڕەسمی خەڵاتکردنی ئادەم سادلەر

ئادەم ساندلەر لە کاتی خەڵاتکردنی نوکتەی بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە

ئادەم ساندلەر، ئەکتەری کۆمیدیی ئەمریکی، خەڵاتی رێزلێنانی لە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی (Movies for Grownups)ـی سەر بە رێکخراوی (AARP) پێبەخشرا و لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە؛ بە نوکتەکانی لەبارەی پیربوون؛ ئامادەبووانی هێنایە پێکەنین.