سەلما حایک لە 'Magic Mike 3' رۆڵدەگێڕێت

10-05-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن سەلما حایک چانینگ تەیتم Magic Mike
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەلما حایک، خانمە ئەکتەری سینەمایی، لە بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Magic Mike' بەشدار دەبێت و لەگەڵ چانینگ تەیتم، رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
 
میدیاکانی ئەمریکا، وێنەی ئەو دوو ئەکتەرەیان پێکەوە بڵاوکردووەتەوە کە بۆ وێنەگرتنی فیلمەکە ئێستا لە لەندەنن.
 
لە دوای ئەوەی ساندی نیوتن، ئەکتەری بەریتانی بڕیاریدا لەو پڕۆژە سینەماییە بکشێتەوە، لە کاتێکدا 11 رۆژ وێنەگرتنی بۆ کرابوو، لە جێگەی ئەودا سەلما حایک دەسنیشانکراوە بۆ گێڕانی ئەو رۆڵە.
 
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2012 بڵاوکرایەوە و چیرۆکەکەی باس لە سەمکارێک بەناوی مایک دەکات کە بە رووتی سەما دەکات و هەرزەکارێک بەخێو دەکات و فێری سەمای دەکات بۆ ئەوەی پارە بەدەست بێنێت، لە هەمانکاتتدا کاتێکی خۆش بەسەرببات.
 
بەهۆی سەرکەوتنی بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، بەرهەمهێنەرانی بڕیاری بەرهەمهێنانی چەند بەشێکی دیکەیان داوە، پێشبینی دەکرێت بەشی سێیەمی لە تۆڕی HBOـی ئەمریکی بڵاوبکرێتەوە.
 
بەشی یەکەمی 'Magic Mike' بە بڕی 70 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهات، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 167 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
 
بەشی دووەمی 'Magic Mike' بە بڕی 14 ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهات، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 117 ملیۆن و 813 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
 
سەلما حایک، لە 2-9-1966 لە مەکسیک لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری مەکسیکی – ئەمریکییە، لە 1989 لە مەکسیک دەستی بە کاری نواندن کردووە، لە چەندین بەرهەمی سینەمایی تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی گێڕاوە، جگە لە چەند بەرهەمیکی شانۆیی.
 
لە 2002 بە فیلمی بایۆگرافی 'Frida' ناوبانگییەکی جیهانی بەدەستهێنا کە باس لە ژیانی فریدا کالۆ، خانمە شێوەکاری مەکسیکی دەکات، بەهۆیەوە بۆ خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری ئۆسکار و گۆڵدن گلۆب و چەندین خەڵاتی دیکەی جیهانی بەربژێرکرا.
 
سەلما حایک، لە 2009 ژیانی هاوژینی لەگەڵ فرانسوا ئۆنری پینۆل، بازرگانی فەرەنسی پێکێنا و خاوەنی کچێکن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە