رووداو دیجیتاڵ
پێری ئارکانجێلۆ بامۆنتی، ژەنیاری گرووپی میوزیکی (The Cure)، لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
گرووپەکە رۆژی هەینی، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا هەواڵەکەیان بڵاوکردوە و و رایگەیاند: "بە خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێ و هاوکارمان پێری بامۆنتی رادەگەیەنین، کە دوای ململانێیەکی کورت لەگەڵ نەخۆشی، لە ماڵەکەی خۆیدا لە کاتی پشووەکانی کریسمسدا گیانی سپارد".
بامۆنتی مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ گرووپەکە هەبوو؛ لە نێوان ساڵانی 1984 بۆ 1989 وەک تەکنیکاری گیتار لەگەڵیاندا کاری کردووە، بەڵام لە 1990 بە فەرمی وەک ئەندامی گرووپەکە ناسێندرا و شوێنی رۆجەر ئۆدۆنێڵی گرتەوە.
لەو ماوەیەی کە ئەندامی گرووپەکە بوو، بامۆنتی بەشداریی لە چەندین ئەلبوومی سەرکەوتوودا کرد، لەوانە ئەلبوومی (Wish) لە 1992 کە گۆرانییە بەناوبانگەکانی وەک (Friday I’m in Love) و (High)ـی تێدابوو. هەروەها بەشداریی لە ئەلبوومەکانی (Wild Mood Swings)، (Bloodflowers) و ئەلبوومی (The Cure)ـدا کردووە.
هەرچەندە لە 2005 لەلایەن رۆبێرت سمیت، سەرۆکی گرووپەکەوە دوورخرایەوە، بەڵام بامۆنتی لە 2022 دووبارە گەڕایەوە نێو گرووپەکە و لە زیاتر لە 90 کۆنسێرتدا بەشداری کرد. ئەو لە 2019دا، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی (The Cure) ناوی چووە نێو هۆڵی ناودارانی رۆک ئەند رۆڵ".

دوایین دەرکەوتنی ئەم هونەرمەندە لە 1ـی تشرینی دووەمی 2024 بوو لە لەندەن، لە کاتی ناساندنی نوێترین ئەلبوومی گرووپەکە بە ناوی (Songs of a Lost World) کە دوای 16 ساڵ بڵاوکرایەوە. کۆنسێرتەکە تۆمارکراوە و لەم مانگەدا وەک بەڵگەفیلمێک بە ناوی (The Cure: The Show of a Lost World) لە سینەماکانی جیهان نمایشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ