کریس ئیڤانس لە بەشی نوێی (Avengers) وەک باوک دەردەکەوێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەسار فایەق
نیشانەکردن Avengers ستیڤ رۆجەرز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ستۆدیۆکانی مارڤێڵ بە فەرمی یەکەم ترەیلەری فیلمی (Avengers: Doomsday)ـی بڵاوکردەوە، تێیدا کریس ئیڤانس بۆ رۆڵی ستیڤ رۆجەرز دەردکەوێت، بەڵام ئەمجارەیان وەک باوکی منداڵێکی ساوا.
 
ترەیلەرەکە لەگەڵ نمایشکردنی فیلمی (Avatar: Fire and Ash) لە سینەماکاندا بڵاوکرایەوە، ستیڤ رۆجەرز لە کێڵگەیەکی ئارامدا نیشان دەدات کە لەسەر ماتۆڕسکیلەکەی دادەبەزێت. لە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشدا، کاپتن ئەمریکا کڵاوە شینە ناسراوەکەی دەبینرێت و منداڵێکی تازە لەدایکبووی لە باوەشدایە. 
 
ترەیلەرەکە کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە دەیانگوت ئیڤانس چیدی ئەو رۆڵە ناگێڕێتەوە.
 
جۆ و ئەنتۆنی روسۆ، دەرهێنەرانی فیلمەکە، پێشتریش سەرکەوتنی گەورەیان لەگەڵ مارڤێڵ تۆمارکردووە، لە هەژماری خۆیان لە ئینستاگرام نووسیویانە: "ئەو کارەکتەرەی ژیانمانی گۆڕی و ئەو چیرۆکەی هەموومان لێرە کۆدەکاتەوە.. بەردەوام بڕیار وابوو بگەڕێینەوە بۆ ئەم خاڵە".
 
دوایین جار هەواداران کاپتن ئەمریکایان لە 2019 لە فیلمی (Avengers: Endgame) بینی، کاتێک قەڵخانەکەی رادەستی سام ویڵسن کرد و خۆی گەڕایەوە بۆ رابردوو؛ تاوەکو لەگەڵ خۆشەویستەکەی، پیگی کارتەر، ژیان بەسەر ببات. 
 
ئێستا پرسیاری سەرەکی لای بینەران ئەوەیە: ئایا ئەمە هەمان ستیڤ رۆجەرزە یان کەسێکی دیکەیە لە جیهانی فرەڕەهەند؟ ئایا ئەو منداڵەی لە باوەشیدایە هێزی نائاسایی وەک باوکی هەیە؟
 
بڕیارە فیلمی (Avengers: Doomsday) لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2026 لە سینەماکان نمایش بکرێت، تەنیا کریس ئیڤانس ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو رۆبێرت داونی جونیۆر-یش دەگەڕێتەوە، بەڵام نەک وەک ئایرۆن مان، بەڵکو لە رۆڵی کارەکتەری خراپەکاری سەرەکی دکتۆر دووم.
 
جگە لەوان، کۆمەڵێکی زۆر لە ئەستێرەکانی وەک کریس هێمسوۆرس، تۆم هیدڵستن، پێدرۆ پاسکال، و چەندین کارەکتەری جیهانی (X-Men) وەک پاتریک ستیوارت و ئیان مەککێلین لەم فیلمەدا بەشدار دەبن، کە وەک گەورەترین پڕۆژەی سینەمایی ساڵانی داهاتوو دەبینرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە