رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت داهاتی گشتیی بۆکس ئۆفیس لە 2025ـدا گەشەیەکی ئەوتۆ بەخۆیەوە نەبینێت، بەڵام دۆخەکە بۆ کۆمپانیای دیزنی تەواو جیاوازە و توانی بەربەستی شەش ملیار دۆلار لە داهاتی ساڵانە بشکێنێت و پێشەنگیی خۆی لە جیهاندا بپارێزێت.
رۆژی چوارشەممە، کۆمپانیای دیزنی بە فەرمی رایگەیاند، کۆی داهاتی فیلمەکانی لەمساڵدا گەیشتووەتە شەش ملیار دۆلار. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو کۆتایی رۆژی سێشەممە، داهاتی کۆمپانیاکە 5.967 ملیار دۆلار بووە، کە 2.310 ملیار دۆلاری لە ناوخۆی ئەمریکا و 3.656 ملیار دۆلاریشی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەستهاتووە.
ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2019ـەوە (پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا) دیزنی بتوانێت بگاتە ئەم ئاستە بەرزەی داهات. تۆمارکردنی ئەم ژمارەیە کارێکی ئاسان نییە؛ چونکە لە 2015ـەوە هیچ ستۆدیۆیەکی دیکەی سینەمایی نەیتوانیوە داهاتی نەگەیشتووەتە شەش ملیار دۆلار، لە کاتێکدا دیزنی بۆ پێنجەمجارە لە مێژووی خۆیدا (2016 تاوەکو 2019 و 2025) ئەم سەرکەوتنە دووبارە دەکاتەوە.
سەرکەوتنی ئەمساڵی دیزنی پشتی بە 16 فیلمی جیاواز بەستووە. لە سەرووی هەمووشیانەوە فیلمی ئەنیمەیشنی (Zootopia 2) دێت کە تاوەکو ئێستا 1.311 ملیار دۆلاری کۆکردووەتەوە، لەگەڵ فیلمی (Lilo & Stitch) کە داهاتەکەی گەیشتە 1.038 ملیار دۆلار.

سێ بەرهەمی دیکەی ستۆدیۆکانی مارڤڵ (The Fantastic Four: First Steps)، (Thunderbolts*) و (Captain America: Brave New World) زیاتر لە 1.3 ملیار دۆلاریان بۆ خەزێنەی دیزنی کۆکردووەتەوە. هەروەها فیلمەکانی وەک (Predator: Badlands)، (Freakier Friday) و (Elio) بەشداربوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتەکە.

فیلمی (Avatar: Fire and Ash)ـی دەرهێنەر جەیمس کامیرۆن، وەک "کرێمەکەی سەر کێکەکە" بۆ دیزنی ناسێندراوە. تەنیا لە ماوەی حەوت رۆژی نمایشکردنیدا، توانیویەتی 450.1 ملیۆن دۆلار لە جیهاندا کۆبکاتەوە. تەنیا لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا، فیلمەکە 51 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە، کە 16.5 ملیۆنی لە ناوخۆی ئەمریکا بووە.
![]()
پێشبینی دەکرێت لە پشووەکانی سەری ساڵدا، بەشی سێیەمی ئاڤاتار بەردەوام بێت لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و تەنیا لە چوار رۆژی پشووی کریسمسدا 70 بۆ 75 ملیۆن دۆلاری دیکە بەدەستبهێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە چەندین فیلمی نوێی کۆمپانیاکانی دیکە دێنە نێو کێبڕکێیەکە، لەوانە فیلمی (Anaconda)ـی سۆنی بە بەشداری جاک بلاک، فیلمی (Marty Supreme) بە بەشداری تیمۆسی شالامێ، و فیلمی (Song Sing Blue) بە پاڵەوانێتی هیو جاکمان. هەروەها فیلمەکانی (The Housemaid) و (The SpongeBob Movie) هەوڵی راکێشانی بینەر دەدەن، بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە ساڵی 2025 بە تەواوی ساڵی دیزنی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ