رووداو دیجیتاڵ
لە ئەمستەردامی هۆڵەندا، چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دەستیپێکردووە و ئەمساڵ 32 فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا پێشان دەدرێن.
مەیل سیان، یەکێکە لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە و میوانی بەرنامەی "دیاسپۆرا"ـی رووداو بوو رایگەیاند: دەستخۆشی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو و بەرنامەی دیاسپۆرا دەکەین کە هەموو ساڵێک گرنگییەکی تایبەت بە فێستیڤاڵەکەمان دەدات، ئەمەش بۆ ئێمە بەهای زۆری هەیە.
گوتیشی: "ئەمساڵ هێمای سەرەکیمان لەبارەی باشووری کوردستان و چەمکی ئازادییە، ئەو ئازادییەی کە دەبێتە هەوێنی ژیانی کورد، لە باشووری کوردستان ئێمە بەشێک لەو ئازادییەمان دەستەبەر کردووە، بەڵام لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هێشتا ئەو ئازادییە نەهاتووەتە دی".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە بە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا و چەند خولەکێک هەڵپەڕکێ دەستیپێکرد، ئامانجی لێی پێشاندانی رەسەنایەتی کولتووری کوردییە بە میوانان و بەشداربووان، یەکەم بەرهەمی سینەمایی کە لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکەش کرا، فیلمی "1988" بوو کە باس لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات، بە بەشداری هونەرمەند شەماڵی عەبەڕەش.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، چالاکییەکانی فێستیڤاڵ رۆژی هەینی دەستیپێکرد و تاوەکو یەکشەممە بەردەوام دەبێت، لە هۆڵی "کەیتڵ هاوس" لە ناوەندی شاری ئەمستەردام، دەشڵێت "ئەمساڵ فێستیڤاڵەکەمان فراوانتر کراوە، جگە لە هۆڵی سەرەکی، شوێنێکی دیکەشمان لە بەرامبەر کەیتڵ هاوس کردووەتەوە، تێیدا نەک تەنیا بەرهەمی سینەمایی، بەڵکو هەموو رەهەندەکانی کولتووری کوردی بە جۆرێکی فرەچەشن پێشکەش دەکەین؛ لە خواردنی کوردی و جلوبەرگی نەتەوەیی، تاوەکو دەگاتە بەرهەمە کوردییەکان وەک زەیتی زەیتوون و هونەری تاتۆ بە دیزاینی کوردی".
لە چوارچێوەی بەرنامەکانی فێستیڤاڵدا، گۆرانیبێژانی کورد بەرهەمی هونەری پێشکەش دەکەن، هەروەها فیلمەکانی چوار پارچەی کوردستانەوە پێشاندەدرێن، لەوانە بەرهەمە فیلمی "شوێنێک بۆ یاریی"ـی شەوکەت ئەمین کۆرکی، دەرهێنەری کورد کە ئەمساڵ بە میوانداریی خودی دەرهێنەر پێشاندەدرێت".
مەیل سیان داوا لە کوردانی دیاسپۆرای دەکات بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن و گوتی "پڕۆگرامێکی دەوڵەمەند و پڕ لە سورپرایزمان بۆ میوانان ئامادە کردووە و ئارەزوو دەکەین هەمووتان بەشداربن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ