جۆرجیۆ ئارمانی لە نمایشی جلوبەرگی براندەکەی لە پاریس ئامادە نەبوو

10-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن جۆرجیۆ ئارمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نمایشی کۆمەڵە دیزاینی ئارمانی لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس بەڕێوەچوو و جۆرجیۆ ئارمانی، خاوەنی براندەکە لە نمایشەکە ئامادە نەبوو، ئەمەش یەکەمجارە لە دوای 20؛ ئەو دیزاینەرە لەو هەفتە نمایشە ئامادە نابێت.
 
چەند رۆژێک ماوە ئارمانی تەمەنی ببێتە 91 ساڵ، بەهۆی رێنمایی پزیشکەکانی دوای ئەوەی ماوەیەک لە نەخۆشخانە مایەوە، لە دوورەوە و لە چالاکییەکاندا ئامادە نابێت. 
 
تەوەرەی سەرەکیی نمایشەکە "رەشی سەرنجڕاکێش" بوو و رۆژی سێشەممە 9ـی تەممووزی 2025 بەڕێوەچوو، رەنگی رەش رەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لەسەر دیزاینەکان هەبوو.
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی پاریس، تایبەت بە جلوبەرگی پاییز و زستانی 2025-2026 بۆ جلوبەرگە ناوازە و گرانبەهاکان، لە 7ـی تەممووزی 2025 دەستیپێکرد و ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتایی دێت.
 
جیۆرجیۆ ئارمانی، دیزاینەری ناسراوی ئیتاڵیی تەمەن 90 ساڵ و خاوەنی براندی ئارمانی، لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان لە ئیتاڵیا ئامادە نابێت.
 

لە 23ـی حوزەیرانی 2025 هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان لە ئیتاڵیا بەڕێووەچوو، ئەو دیزاینەرە جیهانییە لەگەڵ ئەوەی نوێترین کۆمەڵە دیزاینی ئارمانی خستەڕوو، بەڵام بۆ خۆی نەیتوانی ئامادە بێت.
 

ئارمانی سبەی هەینی 11ـی تەمموزی 2025، تەمەنی دەبێتە 91 ساڵ و 50 ساڵە خاوەنداریەتی دامەزراوەکەی دەکات کە بەناوی خۆیەتی و بە یەکێک لە براندە گەورەکانی جیهان لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا دەناسرێت.
 

جۆرجیۆ ئارمانی، لە 11 تەممووزی 1934 لە ئیتاڵیا لە دایکبووە، سەرەتا بە کارکردن لە کۆمپانیای "Cerruti" و دواتر بە کارکردن بۆ چەندین کۆمپانیای دیکە، ناوبانگێکی زۆری بۆیان بەدەستهێنا، لەوانە "Allegri"، "Bagutta" و "Hilton".
 

ئە ودیزاینەرە جیهانییە لە 1975 کۆمپانیایەکی بەناوی خۆی دامەزراند، دواتر چالاکییەکانی لە بواری میوزیک، وەرزش و هوتێلی گرانبەها فراونکرا و لە 2001 وەک سەرکەوتووترین دیزاینەری ئیتاڵیا ناسێندرا.
 
سامانی ئارمانی بەپێی "Bloomberg Billionaires Index" لە 2021 بە نۆ ملیار و 53 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەملێندراوە.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە