جۆرجیۆ ئارمانی لە وەسێتنامەکەیدا چارەنووسی کۆمپانیاکەی دیاریکردووە

13-09-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن جۆرجیۆ ئارمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆرجیۆ ئارمانی، دیزاینەری کۆچکردووی ئیتاڵی، دوای ئەوەی بە درێژایی ژیانی رەتی دەکردەوە کۆمپانیاکەی بفرۆشێت، لە وەسێتنامەکەیدا رێنمایی میراتگرەکانی کردووە کە 15%ـی پشکەکانی ئیمپراتۆرییەتە گەورەکەی بواری فاشن بفرۆشن. 
 
ئارمانی داوای کردووە فرۆشتنی بەشێک لە کۆمپانیاکە، لەپێشینە بدرێت بە یەکێک لە سێ کۆمپانیای گەورەی جیهانی: (ئێڵ ڤی ئێم ئێچ - LVMH)، (ئێسیلۆر-لوکسۆتیکا - Essilor-Luxottica) یاخود (لۆریال L’Oreal).
 
بەگوێرەی وەسێتنامەکە کە رۆژی هەینی 12ـی ئەیلوولی 2025 بڵاوکراوەتەوە، ئارمانی 40%ـی کۆمپانیاکەی بۆ لیۆ دێل ئۆرکۆ، هاوکارە دێرینەکەی و بەڕێوەبەری بەشی پیاوان جێهێشتووە. هەروەها 15%ـی بۆ هەریەک لە سیڵڤانا ئارمانی، برازای و بەڕێوەبەری بەشی ژنان و ئەندریا کامێرانای برازای تەرخان کردووە.
 
دامەزراوەی ئارمانی، کە لە 2016 بۆ پاراستنی میراتەکەی دامەزرابوو، کۆنترۆڵی 30%ـی پشکەکانی دیکەی کۆمپانیاکە دەکات.
 
جۆرجیۆ ئارمانی، یەکێک لە دیارترین ناو و سیمای مێژووی فاشنی ئیتاڵیا، لە 4ـی ئەیلوول لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دوو وەسێتنامەی لە دوای خۆی جێهێشتووە؛ یەکێکیان بۆ کاروباری بازرگانی و ئەوی دیکەیان بۆ سامانە تایبەتییەکانی.
 
دەستەی کارگێڕی جۆرجیۆ ئارمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەڵگەنامەکان "نیازی بەڕێز ئارمانی بۆ پاراستنی بەردەوامیی ستراتیژی، یەکڕیزیی کۆمپانیا و سەقامگیریی دارایی بۆ گەشەپێدانی درێژخایەن" پشتڕاست دەکەنەوە.
 

دامەزراوەی ئارمانی کە خاوەنی 30%ـی پشکەکانە، بە "گەره‌نتی بەردەوامی بۆ پاراستنی پرەنسیپە دامەزرێنەرەکان" دادەنرێت و یەکەم ئەرکی دیاریکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوێ دەبێت بۆ کۆمپانیاکە.
 

ئارمانی بەوە ناسرابوو کە بە تووندی کۆنترۆڵی کۆمپانیاکەی کردبوو و بەرگەی هەموو هەوڵەکانی کڕینی لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی گرتبوو، بەڵام لە وەسێتنامەکەیدا، ئارمانی رێنمایی داوە کە دامەزراوەکەی دەبێت 15%ـی پشکەکان "نەک پێش ساڵێک و لە ماوەی 18 مانگدا دوای مردنی" بفرۆشێت. هەروەها داوای کردووە لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا، هەمان کڕیار پشکەکانی بۆ 30% و دواتریش بۆ 54.9% زیاد بکات.
 
سەبارەت بە سامانە تایبەتییەکانی، ئارمانی خاوەنی 2.5%ـی پشکەکانی کۆمپانیای چاویلکەی (ئێسیلۆر-لوکسۆتیکا) بوو، کە بەهاکەی 2.5 ملیار یۆرۆیە. 40%ـی ئەو پشکانە بۆ دێل ئۆرکۆ و بەشی زۆری ئەوی دیکەی بۆ ئەندامانی خێزانەکەی دەبێت. جگە لەوەش خاوەنی چەندین ماڵی گرانبەها بوو لە میلان، نیویۆرک، دوورگەی پانتێلێریا و سانت ترۆپێز.
 

بڕیارە دوایین کۆلێکشنەکانی ئیمپۆریۆ ئارمانی و جۆرجیۆ ئارمانی کە لەلایەن خودی دیزاینەرەکەوە ئامادەکراون، لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە هەفتەی مۆدەی میلان نمایش بکرێن. ئارمانی لە وەسێتنامەکەیدا داوای کردووە کە کۆمەڵە دیزاینەکەی داهاتوو رەچاوی "دیزاینی بنەڕەتی، مۆدێرن، سەرنجڕاکێش و سادە، لەگەڵ گرنگیدان بە وردەکاری و شیاوی لەبەرکردن" بکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە