'Deadpool & Wolverine' زیاتر لە یەک ملیار و 331 ملیۆن دۆلار بەدەستدێنێت

10-10-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن "Deadpool & Wolverine"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێشاندانی بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Deadpool" لە سینەماکانی جیهاندا بەردەوامە و داهاتی زیاتر لە یەک ملیار و 331 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 26ـی تەممووزی 2024 بڵاوکرایەوە، لەو داهاتە زۆرە، 633 ملیۆن و 890 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 697 ملیۆن و 798 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە.
 
بەشی نوێی ئەم بەرهەمە بەناوی"Deadpool & Wolverine" ـە، لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 205 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا، بەمەش توانی ژمارەی پێوانەیی بەشی یەکەمی بشکێنێت لە بەدەستهێنانی زۆرترین داهات بۆ فیلمێک لە پۆلی "ئاڕ".
 
 ئەم بەرهەمە دووەم فیلمە لە ماوەی سێ هەفتەدا داهاتی یەک ملیار دۆلار تێپەڕێنێت و لە جۆری ئەو فیلمانە بێت کە بۆ کەسانی تەمەن سەرووی 17 ساڵییەوە بێت، لەم رووەوە بەشی یەکەمی فیلمی "Joker"  لە ریزبەندی یەکەمدایە، دوای نزیکەی سێ مانگ، ئەم بەرهەمە نوێیە توانی لە رووی داهاتەوە پێش  "Joker" بکەوێت.
 
پێشتر فیلمی "Deadpool" توانی لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی 132 ملیۆن دۆلار لە پۆلی فیلمەکانی "ئاڕ" بەدەستبێنێت، بەشی نوێی بەهۆی ئەو داهاتە زۆرەوە، ناوی چووەتە نێو لیستی 10 لەو فیلمانەی زۆرترین داهاتیان لە یەکەم هەفتەدا بەدەستهێناوە.
 
"ئاڕ" ریزبەندییەکە بۆ فیلم و دیاریکردنی تەمەنی بینەر، لە ئەمریکا ئەو بینەرانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی 17 ساڵیدایە، پێویستە ئەو بینەرە دایک و باوکی یاخود بەخێوکەری لەگەڵیدا بێت بۆ بینینی ئەو جۆرە فیلمە، لە بەریتانیا بۆ ئەو بینەرانەیە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر نییە، لە خوار ئەو تەمەنەدا ئەگەر دایک و باوکیشیان لەگەڵ بێت، رێگەیان پێنادرێت فیلمەکە لە سینەما ببینن.
 
بەم دواییە لە نیویۆرکی ئەمریکا، پێشاندانی تایبەتی فیلمی "Deadpool & Wolverine" بەڕێوەچوو. لەم بەرهەمەدا رایان رێنۆڵدز و هیو جاکمەن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
داهاتی بەشی دووەمی "Deadpool" لە سینەماکانی جیهاندا 785 ملیۆن و 896 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، بودجەی بەرهەمهێنانی 110 ملیۆن دۆلارە، واتە حەوت هێندەی بودجەکەی داهاتی بەدەستهێناوە.
 
فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و ئەکشنەکانە، باس لە کارکتەری دێدپۆڵ دەکات کە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەرە، جگە ئاکشن، کۆمێدیایەکی جیاوازیش لەخۆدەگرێت.
 
سیناریۆی فیلمەکە بە جۆرێک ئامادە کراوە کە رووداوەکانی بەر لە مردنی کارەکتەری وۆلڤرینە و ئەو ئەکتەرە لەگەڵ کارەکتەری دێدپۆڵ بە یەک دەگەن.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە