رووداو دیجیتاڵ
نوێترین زنجیرە فیلمی (Predator) بەناوی (Badlands)، لە دەرهێنانی دان تراکتنبێرگ، لەم هەفتەیەدا زۆرترین داهاتی لە بۆکس ئۆفیسی ئەمریکا و جیهاندا بەدەستهێنا، لە یەکەم هەفتەی مانگی تشرینی دووەمدا، داهاتێکی پێوانەیی تۆمار کرد.
ئەم بەرهەمە سینەماییە بە کۆکردنەوەی 40 ملیۆن دۆلار لەنێوخۆی ئەمریکا و 40 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا، کۆی گشتیی داهاتی گەیشتە 80 ملیۆن دۆلار.
فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی (20th Century) و (Disney) بەرهەم هێنراوە، پێشبینی دەکرا لە یەکەم هەفتەیدا تەنیا 25 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە، بەڵام بەهۆی پێشوازییەکی گەرمی بینەران و هەڵسەنگاندنی بەرزی رەخنەگران، توانیی چاوەڕوانییەکان تێپەڕێنێت.
فیلمی (Predator: Badlands) توانیی ببێتە خاوەنی باشترین داهاتی دەستپێک لە مێژووی زنجیرەکەدا لەنێوخۆی ئەمریکا، بەمەش رێکۆردی فیلمی (AVP: Alien vs. Predator)ـی شکاند کە لە 2004ـدا 38.4 ملیۆن دۆلاری کۆکردبووەوە. هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش، رێکۆردی فیلمی (Predator)ـی 2018ـی شکاند کە 48.9 ملیۆن دۆلار بوو.
(Badlands) رێچکەیەکی نوێ بۆ ئەم زنجیرەیە دەکاتەوە کە لە 1987ـەوە دەستیپێکردووە. لەم بەشەدا، تراکتنبێرگ بوێریی نواندووە و (دێک) دەکاتە پاڵەوانی سەرەکی، کە لەلایەن هۆزەکەیەوە فەرامۆش کراوە. دێک بۆ سەلماندنی خۆی، دەچێتە مەترسیدارترین هەسارەی گەردوون بۆ راوکردنی دڕندەیەکی ئەفسانەیی، لەوێ رووبەڕووی کارەکتەرێک دەبێتەوە کە ئێڵ فانینگ رۆڵەکەی دەگێڕێت.
فیلمی (Regretting You) چیرۆکەکەی لە رۆمانێکی کۆڵین هوڤەرەوە وەرگیراوە، لە سێیەم هەفتەی نمایشیدا بە دابەزینێکی کەمی 9٪، توانیی ریزبەندی دووەم بەدەست بهێنێت و 7.1 ملیۆن دۆلاری دیکە کۆبکاتەوە. کۆی داهاتی جیهانیی فیلمەکە گەیشتووەتە 70.9 ملیۆن دۆلار.

لە ریزبەندی سێیەمدا، فیلمی (Black Phone 2) دێت کە بەرهەمێکی ترسناکەکەی و داهاتی ئەم هەفتەیەی 5.2 ملیۆن دۆلارە و لە داهاتەوە بە فیلمێکی سەرکەوتوو هەژمار دەکرێت، چونکە بودجەی بەرهەمهێنانی 30 ملیۆن دۆلارە، تاوەکو ئێستا 120.4 ملیۆن دۆلاری لەسەر ئاستی جیهاندا کۆکردووەتەوە.

فیلمی (Sarah's Oil) لە ریزبەندی چوارەمدا دێت و ناوەڕۆکی لە چیرۆکی راستەقینەی ژنێکی رەشپێست وەرگیراوە کە دەبێتە دەوڵەمەندترین ژنی تەکساس. ئەم بەرهەمە بە کۆکردنەوەی 4.5 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی چوارەمدا دێت.

فیلمی (Nuremberg) کە بەربژێری ئۆسکارە، توانیی بە 4.1 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی پێنجەمدا بێت، سەرەڕای بۆچوونی جیاوازی رەخنەگران لەبارەیەوە، لەلایەن بینەرانەوە پێشوازی لێ کراوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ