بەشی نوێی (Now You See Me) لە ریزبەندی یەکەمە

16-11-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن Now You See Me بۆکس ئۆفیس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی (Now You See Me: Now You Don’t) توانیی لە یەکەم هەفتەی نمایشیدا، پێش فیلمی (The Running Man) بکەوێت و ریزبەندی یەکەمی بۆکس ئۆفیسی ئەمریکای باکوور بەدەستبهێنێت.
 
بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی جادووگەریی (Now You See Me) لە دەرهێنانی روبن فلایشەر، لە یەکەم رۆژی نمایشیدا 8.4 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی هەفتەکەدا داهاتەکەی لەنێوان 21 بۆ 24 ملیۆن دۆلار بێت. 
 
هۆکارێکی سەرەکیی ئەو داهاتە زۆرە، پێشوازیی گەرمی بینەرانی رەگەزی مێیە و 54%ـی بلیتی فیلمەکەیان کڕیوە. سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە لەلایەن رەخنەگرانەوە بەشێوەیەکی مامناوەند هەڵسەنگێندراوە، بەڵام لەلایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی لێکراوە.
 
فیلمەکە ئەستێرە ناسراوەکانی بەشەکانی پێشووی وەک جێسی ئایزنبێرگ، ودی هارلسن، دەیڤ فرانکۆ و ئایلا فیشەر کۆدەکاتەوە و سێ کارەکتەری جادووگەری نوێش دەردەکەون. 
 
چاوەڕوان دەکرا داهاتی فیلمی (The Running Man) لە نێوان 24 بۆ 25 ملیۆن دۆلار بێت، لە یەکەم رۆژدا تەنیا 6.4 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا، بەمەش پێشبینییەکان بۆ داهاتی کۆتایی هەفتەکەی 17 بۆ 19 ملیۆن دۆلار دابەزیوە.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی ئێدگار رایتە و گلێن پاوڵ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، بە یەکەم شکستی بۆکس ئۆفیسی ئەم ئەکتەرە دادەنرێت دوای سەرکەوتنە گەورەکانی لە فیلمەکانی (Anybody But You)، (Top Gun: Maverick) و (Twisters).
 

یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو فیلمەکە، ئامادەبوونی بینەرانە. لە کاتێکدا (Now You See Me 3) زۆرتر ژنانی راکێشاوە، (The Running Man) بەڕێژەی 64% بینەری پیاوی هەبووە، ئەمەش وایکردووە بکەوێتە رکابەری لەگەڵ فیلمی (Predator: Badlands) کە هەفتەی پێشووتر بڵاوکراوەتەوە.
 
(The Running Man) دووەم ئەزموونی سینەماییە بۆ رۆمانی ستیڤن کینگ، کە یەکەمیان لە 1987 بە بەشداریی ئارنۆڵد شوارزنگەر بەرهەمهێنرا.
 

پێشبینی دەکرێت فیلمی (The Running Man) لە ریزبەندی دووەمدا بێت، دوای ئەویش فیلمەکانی (Badlands) و (Regretting You) دێن.
 

فیلمی دیکەی نوێی ئەم هەفتەیە، (Keeper) لە دەرهێنانی ئۆزگود پێرکینز، دەستپێکێکی لاوازی هەبوو و چاوەڕوان دەکرێت تەنیا 2.6 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە و لە رکابەریدایە لەگەڵ بەشی دووەمی فیلمی (Black Phone 2) بۆ بەدەستهێنانی ریزبەندی پێنجەم.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە