تۆم کروز: بەشی داهاتووی 'Mission: Impossible لە بۆشایی ئاسمان وێنەدەگیرێت

11-07-2023
پەسار فایەق
تۆم کروز لە پێشاندانی تایبەتی نوێترین بەشی 'Mission: Impossible' لە نیویۆرک. وێنە؛ AFP
تۆم کروز لە پێشاندانی تایبەتی نوێترین بەشی 'Mission: Impossible' لە نیویۆرک. وێنە؛ AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەوانەی هەوادارای تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی و فیلمە ئەکشن و سەرکێشییەکانن، هەواڵیکی خۆش بۆیان هەیە، ئەویش بڵاوکردنەوەی بەشی نوێی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Mission: Impossible'یە بەناوی ' Mission: Impossible - Dead Reckoning Part 1' و دوێنێ دووشەممە، بە ئەمادەبوونی کروز، پێشاندانی تایبەتی لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.
 
جگە لە ئامادەبوونی بەشێک لە ستافی فیلمەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هۆگرانی تۆم کروز ئامادەبوون و ئەو ئەکتەرە یەک کاژێری لەگەڵیاندا بەسەربرد و وێنەی لەگەڵیاندا گرت و واژۆی بۆ کردن.
 
لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە زیرەکی دەستکرد بەکارهاتووە کە بەشێک لە شارەزایانی سینەما بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو کەرتە هەژماری دەکەن، بەشێکیش بە پێچەوانەوە.
 
تۆم کروز بە میدیاکانی راگەیاند، پلانی ئەوەی هەیە لە بەشی داهاتووی زنجیرە فیلمەکەدا، لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمانی بەشێکی دیمەنەکانی فیلمەکە وێنەبگرێت.
 
کروز ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "تەنیا بیر لەوە دەکەمەوە چۆن شتێكی ناوازە بۆ بینەران بکەم، ئەوەش لە رێگەی ئەو فیلمانەی کە کریستۆفەری دەرهێنەر بەرهەمیان دەهێنێت؟ چۆن بتوانم وا لە کریستۆفەریش بکەم بچێتە قووڵایی چیرۆکی فیلمە سینەماییەکەوە تاوەکو شتێكی ناوازە بە هەستێكی باڵای لێ بەرهەمبهێنێت".
 
بەشی نوێی  'Mission: Impossible' سبەی چوارشەممە لە سینەماکانی ئەمریکا و جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە