رووداو دیجیتاڵ
بە پێشاندانی فیلمی "Fantastic 4: First Steps" لە سینەمادا، کۆمپانیای مارڤڵ (کە ئێستا لەگەڵ "دیزنی" یەکی گرتووە)، 37 فیلمی درێژی بەرهەمهێناوە، جگە لە زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان، لەگەڵ ئەو قازانجە سنووردارەی فیلمەکە بەدەستیهێناوە کە تا ئێستا 400 ملیۆن دۆلاری تێنەپەڕاندووە، مارڤڵ بەردەوامە لەو کێشانەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا زیادیان کردووە، دواترینیان فیلمی "Thunderbolts" بوو کە لە ئایاری 2025 نمایشکرا و تووشی زیانێکی گەورە بوو.
فیلمی "Fantastic 4: First Steps" لە چەندین ئاستدا کارێکی سەرکەوتووە: بە جیاوازییەکی زۆرەوە پڕداهاتترین فیلمی چوارینە سەرسوڕهێنەرەکەیە، دواترینیان فیلمی "Fantastic 4"ـی 2015 بوو کە شکستێکی گەورەی هێنا.
"First Steps" لە رووی هونەرییەوە باشترینە، ئەمەش بە رای رەخنەگران، و رێژەی 86٪ـی لە ماڵپەڕی "Rotten Tomatoes" بەدەستهێناوە، بە بەراورد بە تەنها 9٪ بۆ فیلمی پێشوو، و تێکڕای 35٪ بۆ سێ فیلمەکەی پێشتر!
تێگەیشتن لە سەرکێشییەکەی مارڤڵ بۆ دروستکردنی فیلمێکی دیکە لەبارەی چەند پاڵەوانێک کە جەماوەرێکی ئەوتۆیان نییە، کارێکی قورسە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو زیانانەی کە بەرۆکی بەرهەمە نوێیەکانی گرتووە. بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی زنجیرەکە، لەگەڵ پاشەکشەی گشتیی جەماوەری فیلمەکانی ئەم دواییەی مارڤڵ، ئەوا ژمارەی 400 ملیۆن دۆلار ژمارەیەکی زۆر گەورەیە.
فیلمەکە لەلایەن جاک شاکمانەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، چوار سیناریۆنووس بەشدارییان لە نووسینیدا کردووە و چیرۆکەکە چوار ساڵ دوای گەڕانەوەی پاڵەوانەکان بۆ زەوی دەستپێدەکات، کاتێک پاڵەوانەکان سەرکەوتوو دەبن لە هەڵوەشاندنەوەی چوار سوپای شەڕانگێزی، هەروەها دیمەنەکانی فیلمەکە پڕن لە ژمارە چوار لە هەموو شوێنێک، لە چاکەتی پاڵەوانەکانەوە تا لافیتەی شەقامەکان. تەنانەت پێش دەرچوونی فیلمەکە، ئامادەکاری بۆ کرا و لە کۆتایی تایتڵی فیلمی "Thunderbolts"ـدا ژمارە چوار دەردەکەوێت.
ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە پشتێنەیەکی تیشکدەر لە کاتی گەشتێکی کاردا بۆ بۆشایی ئاسمان روویدا، کە بووە هۆی گۆڕینی پێکهاتە بۆماوەییەکانیان، بۆیە هەریەکێکیان هێزێکی سەرووسروشتی جیاوازیان وەرگرت: مستەر فانتاستیک وەک لاستیک درێژ دەبێتەوە، ژنە نادیارەکە خۆی دەشارێتەوە و خاوەنی بازنەیەکی زۆر بەهێزی وزەیە، مەشخەڵە مرۆڤەکە ئاگر لە جەستەی دەردەکات، ئەوەی دیکەشیان بووەتە بارستەیەکی گەورەی بەرد.
دوور لەو وێنە سادە و ساکارەی کە جیهان لە فیلمی "First Steps"ـدا پێی کێشراوە، ئەمە ئەو باوەڕە ئەمریکی-هۆڵیوودییەش دەشارێتەوە کە ئەمریکا چەقی جیهانە، ئەگەر هەموو جیهان نەبێت.
ئەم وێنەیە بە باشترین شێوە لە "کۆمیکس" و فیلمی پاڵەوانە سەرووسروشتییەکاندا روون دەبێتەوە، لەگەڵ هەڵکشانی جەنگی سارد و پێشبڕکێی چەکداریدا لە پەنجاکان و شەستەکانی سەتەی رابردوودا دەرکەوتن، هەروەها فیلمەکانی "کۆتایی جیهان" کە بە شێوەیەکی بەرچاو لە کۆتایی سەتە و سەرەتای هەزارەی سێیەمدا زۆر بوون.
وەک زۆربەی کارەکانی پاڵەوانە سەرووسروشتییەکان، چیرۆکی فیلمەکە لە دەوری مەترسییەک دەسوڕێتەوە کە هەڕەشە لە هەسارەی زەوی دەکات، ئەویش بریتییە لە بوونەوەرێکی میتافیزیکی کە زانستی فیزیا و کەسایەتی مرۆڤ تێکەڵ دەکات، ناوی "گالاکتوس"ـە، وا دادەنرێت کە تووشی نەفرەتێک بووبێت وای لێکردووە بەردەوام برسی بێت. گالاکتوس، خواردنی ئاسایی ناخوات، بەڵکو وزەی هەسارەکان دەخوات، پێشتر سەتان هەسارەی قووت داوە، ئێستاش خەریکە هەسارەی 828قووت دەدات کە زەوییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ