رووداو دیجیتاڵ
کەیتی پێری، گۆرانیبێژی ئەمریکی، لە فیلمێکی ئەنیمەیشنی میوزیکدا بە دەنگ رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و فیلمەکە بەناوی 'Melody'یە.
ئەم بەرهەمە ئەنیمەیشنە لە دەرهێنانی کریس کۆلۆمبۆرس و جێرمی زاکە و ستافی فیلمەکە لە کارکردن تێیدا بەردەوامن و لە قۆناخی کۆتاییدایە.
لەم بەرهەمەدا پێری، جگە لە رۆڵگێڕان لە فیلمەکەدا، گۆرانییەکانی نێو فیلمەکەش دەڵێت، بەڵام وردەکاری زیاتر لەبارەی ئەم بەرهەمە ئاشکرا نەکراون.
لەلایەکی دیکەوە، پێری ناچار نییە بڕی دوو ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی وەک قەربوو بدات کە راپەرێک بەناوی مارکۆس گرای بە دزینی ئاوازێکی تۆمەتباری کردبوو.
لە 2019 دادوەرێک لە لۆس ئەنجلس، بڕیاریدا پێری و کۆمپانیای بەرهەمهێنەری گۆرانییەکە ئەو راپەرە بەو بڕە پارەیە قەرەبوو بکەنەوە، بەڵام لە 2020 دادگایەکی دیکە بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
کەیتی پێری ناوی تەواوی کاترین ئێلیزابێت ھوودسنە، لە 1984 لە شاری سانتا باربارای کالیفۆرنیا لە دایکبووە، گۆرانیبێژ، تێکستنووسی گۆرانی و ئەکتەری ئەمریکییە، لە 2007ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە.
ئەو گۆرانیبێژە لە 2001 یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'Katy Hudson' بڵاوکردەوە، بەڵام فرۆشی کەمبوو و دەنگدانەوەی زۆر نەبوو، لە 2008 لەرێگەی دووەم ئەلبوومی بەناوی ' One of the Boys' ناوبانگی پەدایکرد و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، سێیەم ئەلبوومیشی لە 2010 بەناوی 'Teenage Dream' بڵاوکردەوە.
لە رووی فرۆشی ئەلبوومەکانییەوە، بە یەکێک لە خاوەن پڕفرۆشترین ئەلبوومی میوزیک دێت و زیاتر لە 143 ملیۆن ئەلبوومی لە سەرتاسەری جیهاندا فرۆشراون.
کەیتی پێری، چوار جار ناوی لە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانییەکان تۆمارکراوە، هەروەها براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە پێنج خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد و پێنج خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی.
ئەو گۆرانیبێژە، لە 2011 تاوەکو 2019 ناوی لە لیستی فۆربێس بۆ هونەرمەندانی ژنی خاوەن داهاتی زۆردا هاتووە.
لە 2012 بەڵگەفیلمێک لەبارەی ئەو گۆرانیبێژە بەناوی 'Katy Perry: Part of Me' بڵاوکرایەوە و باس لە وێستگە گرنگەکانی ژیان و هونەرەکەی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ