رۆشنبیریی دهۆک بۆ هاونیشتمانییان: لە سینەماکان تەماشای 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' بکەن

13-06-2024
کاستی فیلمی خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا
کاستی فیلمی خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری رۆشنبیریی دهۆک دەڵێت، پیشاندانی فیلمی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا) لە هەموو هەرێمی کوردستان گرنگە و داواش لە هاونیشتمانیان دەکات بچنە سینەماکان و سەیری بکەن.
 
بڕیارە لە رۆژی یەکشەممە، 16-6-2024ەوە پیشاندانی فیلمی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا) لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات. 
 
لە شاری دهۆک فیلمەکە لە هۆڵی سینەما ماکس لە دهۆک مۆڵ لە کاژێر 3:30ی دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە و کاژێر 7:00ی ئێوارە لە هەمان شوێن دەبێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە 13-6-2024 ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری دهۆک قسەی بۆ حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "ئامادەکردن و بەرهەمهێنانی هەر کارێکی هونەری نێوخۆیی پیرۆزە و داواکاری ئێمەش ئەوەیە هەوڵ بدەین بەرهەمی نێوخۆیی زیاتر بکەین". 
 
ئەمیر عەلی رایگەیاند: "فیلمی خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا بەرهەمێکی دیکەیە بۆ سەر بەرهەمە هونەری و کولتوورییەکانمان". 
 
بەڕێوەبەری رۆشنبیریی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد: "پیشاندانی فیلمەکە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی جوان و باشە و گرنگە هەموو خەڵکیش بیبینن، بەتایبەتی هونەرمەندان، بەرهەمهێنەر و هۆگرانی فیلم". 
 
فیلمی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا) فیلمێکی کۆمیدیییە و ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا و رێشان حەمۆ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییەتی. 
 
جگە لە دهۆک، فیلمەکە لە رۆژانی جەژندا لە سینەماکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووکیش پیشان دەدرێت. 
 
کات و شوێنی پێشاندانی فیلمەکە لە جەژنی قوربان و رۆژانی دواتردا بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر لە هۆڵی میدیا دەبێت کە سیستمی دەنگی پێشکەوتووی دەنگی بۆ دانراوە؛ رۆژانە لە کاژێر 5:30 و 8:00ـی ئێوارە و 10:00ـی شەو دەبێت.
 
سلێمانی لە ستی سینەما دەبێت، لە کاژێر 1:00ـی نیوەڕۆ، 3:15 خولەک و 5:30ـی خولەکی دوای نیوەڕۆ، 6:30 خولەک و 8:00ـی ئێوارە و 9:00 و 10:00ـی شەو.
 
کەرکووک لە سینەما تایم سەنتەر مۆڵ دەبێت، رۆژانە لە کاژێر 2:00ـی نیوەڕۆ، 4:00ـی دوای نیوەڕۆ، 6:00 و 8:00ـی ئێوارە.
 
رووداوەکانی فیلمەکە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا روودەدەن، تێیدا کوڕەکانی (غورەی قەساب) دەکەونە گەرمە و کێشەی ژنهێنان و چاوەڕێی مردنی باوکیانن؛ بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە یەکلایی بکەنەوە. لەسەر شەقامەکانیش کارەکتەری (حەمە حەیوان) و گرووپەکەی لەگەڵ ئەوەی یاخین لە کۆمەڵگە، بەڵام خەریکی پاراستنی سەگ و پشیلەی سەر شەقامەکانن. 
 
کۆرۆنا دێت و کەرەنتینەی گشتی راستییە زۆر شاراوەکەی ئەم چیرۆکەیان بە شێوازێکی هونەری و کۆمیدی بۆ دەردەخات.
 
شوان عەتووف، دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر لەبارەی ناوەڕۆکی فیلمەکە بە رووداوی راگەیاندبوو، لەم بەرهەمەدا لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرامبەر بە مرۆڤ نەوەستاوە، بەڵکو لەو سەردەمەی کە ئەو ڤایرۆسە بڵاوبووەوە، کۆمەڵێک حاڵەتی تراژیدی، کۆمێدی و فەنتازی دروستبوون، لە رێگەیەوە کۆمەڵێک قسەی دیکەی کردووە، تەنانەت بابەتی ئەوەی، ئەگەر لە فیلمەکەدا کارەکتەرێک تووشی کۆرۆنا بووبێت، ئەویشی بە کۆمیدی خستووەتەڕوو.
 
فیلمەکە لە ژانری کۆمیدی، رۆمانسی و دراماییە و لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمان و کۆمپانیای "سۆ پڕۆدەکشەنە"، لە 23 حوزەیرانی 2023 راگەیێندرا و لە 1ـی ئابی 2023 وێنەگرتنی دەستیپێکرد، ئاوات شەریف، بەرپرسی وێنەگرتنیەتی.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە