رووداو دیجیتاڵ
تایلۆر سویفت، گۆرانیبێژی بەناوبانگی پۆپ، رەنگە ناچار بکرێت لە تشرینی یەکەمی داهاتوو شایەتی لە دۆسیەی یاسایی نێوان ئەکتەران بلەیک لایڤلی و جەستن باڵدۆنی بدات، کە پەیوەستە بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی (It Ends With Us).
جەی. دۆگلاس باڵدریج، پارێزەری تایلۆر سویفت، رۆژی هەینی 12ـی ئەیلوولی 2025، لە نامەیەکدا بۆ دادوەری فیدراڵی لە نیویۆرک رایگەیاند، سویفت زانیارییەکی ئەوتۆی نییە لەسەر ئەو دۆسیەیە، بەڵام ئەگەر ناچار بکرێت، ئامادەیە شایەتی بدات.
باڵدریج نووسیویەتی: "ئێمە بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە بریکاردەر هیچ رۆڵێکی سەرەکی یان زانیارییەکی گرنگی نییە لەم دۆسیەیەدا". هەروەها دەڵێت: "بریکاردەرەکەم رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی قسەکانی نەداوە، بەڵام ئەگەر ناچار بکرێت، دوای ئەوەی سێ رۆژ لەمەوبەر ئاگادارکراینەوە، پێمان راگەیاندن کە خشتەی کارەکانی رێگەی پێدەدات لە ماوەی هەفتەی 20ـی تشرینی یەکەم ئامادە بێت".
کێشەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بلەیک لایڤلی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو سکاڵای لەسەر جەستن باڵدۆنی تۆمارکرد و بە دەستدرێژیی سێکسی و تۆڵەسەندنەوە تۆمەتباری کرد. لە بەرامبەردا، باڵدۆنی و کۆمپانیای بەرهەمهێنەری (Wayfarer Studios) سکاڵایان لەسەر لایڤلی و هاوژینەکەی، رایان رێینۆڵدز (ئەکتەری فیلمی Deadpool) تۆمارکرد و بە ناوزڕاندن و هەوڵی پارەسەندن تۆمەتباریان کردن، بەڵام دادوەر لە مانگی حوزەیراندا ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە.
ماتیۆ برونۆ، پارێزەری لایڤلی، رۆژی هەینی لە نامەیەکدا بۆ دادوەر رەخنەی لە پارێزەرانی باڵدۆنی گرت و گوتی: "زۆر نابەرپرسانەیە کە وەرگرتنی شایەتیی گەواهیدەرێکی لەم شێوەیە بۆ دوا خولەک دوابخرێت". برونۆ نیگەرانیی خۆی دەربڕی کە دواخستنی شایەتیی سویفت بۆ کۆتایی تشرینی یەکەم، دەکرێت رێکەوتی دادگاییکردن لە مانگی ئادار بخاتە مەترسییەوە.
پارێزەرانی باڵدۆنی رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئەیلوول رایانگەیاندبوو، داوای درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی شایەتییەکان ناکەن، بەڵکو تەنیا دەیانەوێت وتەی تایلۆر سویفت وەربگرن کە "بەهۆی پابەندبوونە پیشەییەکانییەوە" تەنیا لەنێوان 20 بۆ 25ـی تشرینی یەکەم بەردەست دەبێت. ئەوان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە سویفت رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ ئامادەبوون.

فیلمی (It Ends With Us) لە رۆمانێکی پڕفرۆشی نووسەر کۆلین هوڤەرەوە وەرگیراوە کە ساڵی 2016 بڵاوکرایەوە. فیلمەکە لە مانگی ئابی 2024 بڵاوکرایەوە و سەرکەوتنێکی گەورەی لە بۆکس ئۆفیس بەدەستهێنا، بەڵام بڵاوبوونەوەی فیلمەکە کەوتە ژێر سێبەری دەنگۆی ناکۆکیی نێوان لایڤلی و باڵدۆنی.
بلەیک لایڤلی بە رۆڵەکانی لە فیلمی (The Sisterhood of the Traveling Pants) و زنجیرەی (Gossip Girl) ناسراوە. جەستن باڵدۆنیش ئەستێرەی زنجیرەی (Jane the Virgin) بووە و کاری دەرهێنانی بۆ چەند فیلمێک کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ