کۆپییەکی بەشی یەکەمی 'هاری پۆتەر' بە 13 هەزار پاوەند فرۆشرا

14-03-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن رۆمان هاری پۆتەر جەی کەی رۆلینگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆپییەکی بەشی یەکەمی زنجیرە رۆمانی 'هاری پۆتەر'، لە نووسینی جەی کەی رۆلینگ، رۆماننووسی بەریتانی، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە بڕی 13 هەزار پاوەند فرۆشرا.
 
کۆپی یەکەمی، بەشی یەکەمی رۆمانەکە کە ئێستا ناوباونگییەکی جیهانی هەیە، لە 1997 بە تیراژی 500 دانە چاپ و بڵاوکرایەوە.
 
کەسێک لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو پێشتر ئەو رۆمانەی لە دەزگایەکی خێرخوازی لە مانچستەر لە باکووری ئینگڵتەرا بە بڕی نیو پاوەند کڕیبوو.
 
کتێبەکە زیانی پێگەیشتووتە و چەندین وێنە و هێڵی ناڕێکی لەسەر لاپەڕەکانی کێشراوە.
 
پێشبینی دەکرا کتێبەکە بە بڕی سێ هەزار پاوەند بفرۆشرێت، بەڵام نرخی گەیشتە 15 هەزار پاوەندی و ئەو کەسەی کە کڕیویەتی ئەمریکییە.
 
ھاری پۆتەر زنجیرە رۆمانێکی خەیاڵییە لە نووسینی جەی کەی رۆڵینگ و لە حەوت بەش پێکهاتووە، باس لە نەوجەوانێکی جادووگەر بەناوی ھاری پۆتەر دەکات، ھاری لە دژی میر ڤۆڵدمۆرت، جادووگەری تاریکی دەوەستێت، ئەو دەیەوێت ببێتە جادووگەرێکی نەمر.
 
رۆلینگ، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بیری لە کارەکتەرێک بۆ رۆمانەکەی دەکردووە و کارەکتەری هاری پۆتەری داهێنا، لە 1995 رۆمانەکەی نووسی، بەڵام هیچ دەزگایەک ئامادە نەبوو بە چاپی بگەیێنێت، لە 1997 دەزگای 'Bloomsbury Publishing' بڕیاری چاپکردنی رۆمانەکەی دا، بەڵام بە تیراژی 500 دانە، لە ترسی ئەوەی خوێنەری نەبێت.
 
دوو هەفتە لە دوای بڵاوبوونەوەی رۆمانەکە، دەزگای 'Scholastic' بڕی 500 هەزار دۆلاری پێشکێش بە دەزگای یەکەم بەخشی، بۆ ئەوەی مافی بڵاوکردنەوەی رۆمانەکەی پێبدات.
 
بەشی یەکەمی رۆمانەکە بە زمانی ئەڵمانی تەنیا لە ئەڵمانیا لە 1997، دوو ملیۆن کۆپی فرۆشرا و زیاتر لە 500 ملیۆن کۆپی لە تەواوی بەشەکانی لە جیهاندا فرۆشراون.
 
چوار بەشی کۆتایی رۆمانەکە پێکەوە بڵاوکرانەوە و خێراترین فرۆشتنی لە جیهاندا تۆمارکرد، لە ماوەی 24 کاژێردا لە بەریتانیا دوو ملیۆن و 700 هەزار کۆپی ئەو چوار بەش فرۆشران، هەشت ملیۆن و 300 هەزار کۆپیشی لە ئەمریکا فرۆشران.
 
تاوەکو شوباتی 2018، زیاتر لە 500 ملیۆن کۆپی لەم زنجیرە رۆمانە فرۆشران، بە مەش بووە خاوەن پڕفرۆشترین رۆمان لە جیهاندا و نازناوی پڕفرۆشترین زنجیرە کتێبی لە مێژوودا هەیە.
 
ئەم بەرهەمە ئەدەبییە کە گەورە و بچووک خوێنەرینە، بۆ 80 زمان وەرگێڕدراوە، لە 2001-2011 کۆمپانیای وارنەر برۆس زنجیرە رۆمانەکەی وەک زنجیرە فیلمێکی سینەمایی لە هەشت بەشدا بەرهەمهێنا، لە 2016ـدا کۆی داهاتی 'هاری پۆتەر' بە 250 ملیار دۆلاری ئەمریکی خەملێندرا.
 
چیرۆکی 'هاری پۆتەر' لەرێگەی چەندین یاریی و کەرستەی دیکە پێشکێشكرا، هەروەها بەرهەمێکی شانۆییش لەبارەیەوە بڵاوکرایەوە.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فێستیڤاڵەکە لە 9 بۆ 12ی نیسان بەڕێوەدەچێت

دوو دەرهێنەری ئێرانی چارەنووسیان نادیارە؛ فیلمەکانیان لە ئەمریکا نمایش دەکرێن

بەرپرسانی فێستیڤاڵی فیلمی 'نیو بێدفۆرد' لە ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆریان لەبارەی چارەنووسی دوو سینەماکاری ئێرانی هەیە، کە بڕیار بوو بەرهەمەکانی ئەم دوو دەرهێنەرە لە مانگی نیسان دا نمایش بکرێن، بەڵام بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و بارودۆخی جەنگ هەردووکیان پەیوەندییان لەگەڵ فێستیڤاڵەکە پچڕاوە