ورچی زێڕینی بەرلینالە بەخشرایە تیلدا سوێنتن

15-02-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن تیلدا سوێنتن ورچی زێڕینی 75ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ساڵانە خەڵاتی ورچی زێڕینی شانازی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین دەبەخشرێتە ئەستێرەیەکی سینەمایی، لە خولی ئەمساڵدا، خەڵاتەکە بەخشرایە تیلدا سوێنتن، ئەکتەری بەریتانی.
 
بەخشینی خەڵاتەکە، رێزگرتنە لە تەواوی کار و بەرهەمە سینەماییەکانی ئەو ئەکتەرە تەمەن 64 ساڵە.
 
دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە لە 14ـی شوباتی 2025 لە بەرلینی ئەڵمانیا، لە کاتێکدایە کە بانگەشەی هەڵبژاردن لەو وڵاتە بە گەرم و گوڕی بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 23ـی شوباتی 2025 بەڕێوەبچێت؛ 60 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنەیان هەیە و 736 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا ناسراو بە "بوندستاگ" هەڵدەبژێرن.
 

تیلدا سوێنتن، لە فێستیڤاڵەکەدا رایگەیاند: "بە چاوی خۆمان کردەوەی نا مرۆڤانە دەبینین. بێ دوو دڵی و گومان، ئازادم لەوەی دەیڵێم". هەروەها گاڵتەی بە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە دەیەوێت غەززە بکاتە "ریڤیێرای (کەنار دەریا) رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
 

تیلدا سوێنتن، لە 5ـی تشرینی دووەمی 1960 لە بەریتانیا لەدایکبووە، بە رۆڵگێڕان لە فیلمی نامۆ و نهێنیدا ناسراوە، زیاتر لەگەڵ ئەو دەرهێنەرانە کار دەکات کە نووسەری چیرۆکی فیلمەکانیانن. براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانەش ئۆسکار و بافتا، هەروەها بەربژێری چوار خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە. لە 2020، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بە یەکێک لە گرنگترین ئەکتەرە ژنەکانی سەدەی 21ـی ناساند.
 

75ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە، بە پێشاندانی فیلمی "Das Licht" لە دەرهێنانی تۆم تیکوێر، دەرهێنەری ئەڵمانی دەستیپێکرد، چیرۆکەکەی گرێدراوی مژاری کۆچبەرییە لە ئەڵمانیا، باس لە ژنە پەنابەرێکی سووریایی دەکات لە ئەڵمانیا کە کار بۆ خێزانێکی ئەڵمانی دەکات و ئەو خێزانە لە هەڵوەشانەوە رزگار دەکات.
 
فیلمەکە بە زمانی ئەڵمانییە و دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر رایگەیاندبوو، فیلمێکی سیاسییە و پێشاندانی لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتیی ئەڵمانیا لە 21ـی شوباتی 2025 دەستپێدەکات.
 
فێستیڤاڵەکە کە بە بەرلینالە دەناسرێت، تاوەکو 23ـی شوباتی 2025 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت، 19 فیلم لە بەشی کێبڕکێی سەرەکیدان و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکەن. تۆد هاینز، دەرهێنەری ئەمریکی سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەریی ئەو بەشە دەکات.
 
لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فێستیڤاڵدا، ئەم فیلمانە بەشدارن:  "Ari"، "Blue Moon"، "The Safe House"، "Dreams"، "Drømmer – Dreams"، "What Does That Nature Say to You"، "Hot Milk"، "If I Had Legs I’d Kick You"، "Kontinental ’25"، "The Message"،  "Mother’s Baby" و "The Blue Trail".
 
هەوەرها فیلمی "Reflection in a Dead Diamond"، "Living the Land"، "Timestamp"، "The Ice Tower"، "What Marielle Knows"،"Girls on Wire"  و "Yunan" بەشدارن و پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵ دەکەن.
 

یەکەم خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە 1951 لە بەرلین سازکراوە و ساڵانە لە مانگی شوبات بەڕێوەدەچێت.
 
بەڕێوەچوونی یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە بۆ 1951 دەگەڕێتەوە، ئەوکات پێنج خەڵاتی ورچی زیڕین بەخشران، فیلمی ئەمریکی  "Cinderella"خەڵاتی ورچی زێڕین و خەڵاتی جەماوەری وەک باشترین فیلم وەرگرت.
 
لە 1952 و 1955، براوەی خەڵاتی ورچی زێڕین بە دەنگدانی بینەران بوو، لە 1956 خەڵاتی ورچی زێڕین لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە دەبەخشرێت.
 
لە 2015 بەشێکی تایبەت بە زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان لە فێستیڤاڵەکەدا کرایەوە و لە 71مین خولیشی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکانی سنووردار کرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارین لە دوو بەرهەم و سەردەمی جیاوازدا

کارین دوای دابڕانێک بە بەرهەمێکی نوێ دەگەڕێتەوە

"دێڤەگەرم" ناونیشانێکی نوێیە بۆ سەردەمێکی نوێ لە ژیانی هونەری کارین کە لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە گۆرانی بۆ منداڵان گوتووە، دوای نۆ ساڵان دابڕان، دەست بەکاری هونەری دەکاتەوە، هونەری ئەمجارەی بۆ گەورەکانە، بۆ ئەوانەیە کە لەگەڵ ئەودا گەورەبوونە و بیرەوەرییان لەگەڵ بەرهەمەکانیدا هەیە.