رووداو دیجیتاڵ
تیمۆسێ شەلامێ یەکێک لە ئەستێرەکانی سینەما هۆلیوود و جیهانە و لە سەر فەرشی سووری 75ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا، ئامانجی ئامادەبوونیشی، پێشاندانی نوێترین فیلمیەتی.
ئەو ئەکتەرە ئەمریکی – فەرەنسییە، رۆڵی بۆب دیلەن، گۆرانیبێژ و تێکستنووسی ئەمریکی، لە فیلمێکی بایۆگرافیدا دەگێڕێت کە بەناوی "A Complete Unknown"یە و لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا بەشدارە و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین دەکات.
ژمارەیەکی زۆر لە هۆگرانی ئەو ئەکتەرە لە 14ـی شوباتی 2025 لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون و وێنەیان لەگەڵدا گرت، یەکێک لە هەوادارانیشی وێنەیەکی ئەوی کێشابوو و پێشکێشکی کرد.
جێمس مەنگۆلد، دەرهێنەری ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە، تێیدا شەلامێ هاوشێوەی دیلەن دەردەکەوێت و گۆرانی "A Hard Rain's a-Gonna Fall"ـە دەڵێتەوە.
فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر سەرەتای دەرکەوتنی دیلەن لە جیهانی میوزیک و گۆرانیدا، بە تایبەتیش لە کاتی ژەنینی گیتار لە ئاهەنگەکاندا و 1965 سەرەتای دەرکەوتنی بەهێزی هەبووە لە یەکێک لە فێستیڤاڵە میللییەکاندا.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا پێشاندرا، دواتریش لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا.
تیمۆسێ شەلامێ (29 ساڵ)، یەکێک لەو ئەکتەرانەیە کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان زۆرترین داخوازییان لەسەرە، بەتایبەت کە دوو فیلمی دوایی بەناوی "Dune" و "Wonka" سەرکەوتنی گەرورەیان بەدەستهێنا.
دەرهێنەری فیلمەکە جەیمس مەنگۆلد، پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ دوایین بەشی زنجیرە فیلمی "Indiana Jons" و فیلمی "Ford VS Ferrari"کردووە.
بۆب دیلەن (83 ساڵ) براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبییە و بەهۆی تێکستی گۆرانییەکانییەوە توانی ئەو خەڵاتە بەدەستبێنێت.
75ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە بە بەرلینالە دەناسرێت، لە 13ـی شوباتی 2025 لە بەرلینی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و تاوەکو 23 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ