رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چالاکییەکانی یەکێک لە گرنگترین رووداوە هونەری و سینەماییەکانی جیهان دەستپێدەکات، ئەویش فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلینە لە ئەڵمانیا کە بە "بەرلینالە" دەناسرێت.
بۆ بەڕێوەچوونی 75ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە، فەرشی سوور راخراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، ئەستێرەکانی سینەما بەسەریدا تێدەپەڕن.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ بە پێشاندانی فیلمی "Das Licht" لە دەرهێنانی تۆم تیکوێر، دەرهێنەری ئەڵمانی دەستپێدەکات، چیرۆکەکەی گرێدراوی مژاری کۆچبەرییە لە ئەڵمانیا.
فیلمەکە بە زمانی ئەڵمانییە و دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت، فیلمێکی سیاسییە و پێشاندانی لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتیی ئەڵمانیا لە 21ـی شوباتی 2025 دەستپێدەکات.
75ـەمین خولی فێستیڤاڵەکە لە 13 بۆ 23ـی شوباتی 2025 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، 19 فیلم لە بەشی کێبڕکێی سەرەکیدان و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکەن. تۆد هاینز، دەرهێنەری ئەمریکی سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری ئەو بەشە دەکات.
یەکێک لە فیلمە دیارەکانی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە، بەناوی "A Complete Unknown"یە، تیشک دەخاتە سەر ژیان و هونەری بۆب دیلان، گۆرانیبێژی ئەمریکی.
لە دەرەوەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا، فیلمی "Mickey 17" پێشاندەدرێت کە لە دەرهێنانی بۆنگ جۆنە و رۆبێرت پاتنسن، ئەکتەری بەریتانی، رۆڵی سەرەکی تێیدا دەگێڕێت.
ساڵانە خەڵاتی ورچی زێڕینی شانازی دەبەخشرێتە کەسایەتییەکی بواری سینەما، ئەمساڵ تیلدا سوێنتن، ئەکتەری بەریتانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە هەڵبژێردراوە.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، خەڵاتی کامێرای زێڕینی ئەمساڵ دەبەخشنە راینەر رۆسەر، شارەزای سینەمایی و بەڕێوەبەری دامەزراوەی "Deutsche Kinemathek".
تریشا تاتل، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، پێشتر رایگەیاندبوو: "ئێمە رێز لە راینەر رۆسەر دەگرین بۆ کارکردنی چەند ساڵەی لە پێناو پاراستنی مێژووی سینەما، بەوە دەناسرێت کە بونیاتنەری پردی نێوان مێژوو و سینەمای هاوچەرخە".
تریشا تاتل، پرۆگرامەری فێستیڤاڵ و رۆژنامەڤانێکی بواری سینەمایە، لە 2024 وەک بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین دەستنیشانکرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو، لە ژێر چاودێری ئەودا دامەزراوەی "Deutsche Kinemathek" سەرکەوتوو بووە لە دەستەبەرکردنی کەلەپووری زیندووی هونەری سینەما.
بڕیارە خەڵاتەکە لە ئەکایمیای "Hanseatenweg" لە 20ـی شوباتی 2025 ببەخشرێتە رۆسەر، هەروەها فیلمی "Yella" کە لە 2007 خەڵاتی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵەکەی بردەوە، لە هەمان رۆژدا پێشاندەدرێت.
راینەر رۆسەر، جگە لەوەی بەڕێوەبەری "Deutsche Kinemathek"یە، لە 2006ـەوە سەرۆکی پێشانگەی سینەمایی بەرلین و بەرپرسی پێشانگەی سینەمایی کلاسیکی بەرلینە. نووسەری چەندین کتێبە لەبارەی مێژووی سینەما، لە 2001 تاوەکو 2019 ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردنی فیلم بووە بۆ پێشبڕکێ فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین.
لە 1986ـەوە رێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین، رێز لەو کەسایەتی و دامەزراوانە دەگرن کە خزمەتگوزاریی تایبەتیان بە پیشەسازی سینەما بەخشیوە.
خەڵاتەکە لە 128 پارچە پێکهاتووە و هاوشێوەی کامێرایەکی راستەقینە بەرهەمهاتووە، لەلایەن جۆرج هۆرنمان لە دوسلدۆرفی ئەڵمانیا دروستکراوە.
لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فێستیڤاڵدا، ئەم فیلمانە بەشدارن: "Ari"، "Blue Moon"، "The Safe House"، "Dreams"، "Drømmer – Dreams"، "What Does That Nature Say to You"، "Hot Milk"، "If I Had Legs I’d Kick You"، "Kontinental ’25"، "The Message"، "Mother’s Baby" و "The Blue Trail".
هەوەرها فیلمی "Reflection in a Dead Diamond"، "Living the Land"، "Timestamp"، "The Ice Tower"، "What Marielle Knows"،"Girls on Wire" و "Yunan" بەشدارن و پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵ دەکەن.
یەکەم خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە 1951 لە بەرلین سازکراوە و ساڵانە لە مانگی شوبات بەڕێوەدەچێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی ورچی زیڕین و زیوین دەبەخشرێت کە هێمایەکە بۆ شاری بەرلین، هەروەها خەڵاتی کامێرای بەرلینالە بەو کەسانە دەبەخشرێت کە خزمەتی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
ساڵانە لە فێستیڤاڵەکەدا نزیکەی 300 هەزار بلیت دەفرۆشرێن و فێستیڤاڵەکە بەوە ناسراوە کە زۆرترین ئامادەبووی هەیە، لە هەر خولێکدا نزیکەی 400 فیلم پێشاندەدات و 19 فیلم کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکەن.
ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار و 200 رووماڵی رۆژنامەڤانی لە 110 وڵاتەوە بۆ فێستیڤاڵەکە دەکرێت.
لە یەکەم خولی فێستیڤاڵەکەدا کە لە 1951 بەڕێوەچوو، پێنج خەڵاتی ورچی زیڕین بەخشران، فیلمی ئەمریکی "Cinderella" خەڵاتی ورچی زێڕین و خەڵاتی جەماوەری وەک باشترین فیلمی وەرگرت.
لە 1952 و 1955، براوەی خەڵاتی ورچی زێڕین بە دەنگدانی بینەران بوو، لە 1956 خەڵاتی ورچی زێڕین لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە دەبەخشرێت.
لە 2015 بەشێکی تایبەت بە زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان لە فێستیڤاڵەکەدا کرایەوە و لە 71مین خولیشی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکییەکانی سنووردار کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ