رووداو دیجیتاڵ
ئەکادیمیای تۆمارەکانی ئەمریکی بە فەرمی رێکەوتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گرامی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند کە یەکێکە لە دیارترین رووداوە هونەرییەکانی بواری میوزیکە لە ئەمریکا و جیهاندا، هەروەها گۆڕانکاریی دیکەی بەرچاوی کردووە.
بڕیارە رێوڕسمەکە لە 1ـی شوباتی 2026 لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، کە بۆ نۆیەمین ساڵە میوانداریی ئەو رووداوە هونەرییە دەکات.
بەپێی راگەیاندراوێکی ئەکادیمیاکە، لیستی کۆتایی بەربژێرکراوەکانی خەڵاتەکە، رۆژی ھەینی 7ـی تشرینی دووەمی 2025 رادەگەیێندرێت.
خولی ئەمساڵی رێوڕەسمەکە گۆڕانکاری لە لیستی خەڵاتەکانیدا کردووە، دیارترینیان دیارییکردنی خەڵاتێکی نوێیە بۆ باشترین بەرگی ئەلبووم، بەمەش رێز لە دیزاینەری بەرگی ئەلبوومە و میوزیکی و گۆرانییەکان دەگرێت.
ئەکادیمیاکە رایگەیاندووە، خەڵاتێکی دیکەی بۆ باشترین ئەلبوومی کانتری پێشکێش دەکات، ئەویش لە دوو بەشی جیاوازدا: "باشترین ئەلبوومی کانتریی ھاوچەرخ" و "باشترین ئەلبوومی کانتریی نەریتی"، ئامانج لێی رەچاوکردنی جیاوازیی شێوازەکانە لە نێو ھەمان ژانری میوزیکیدا، دوای ئەو مشتومڕەی کە لەدوای بردنەوەی بیۆنسێ، گۆرانیبێژی ئەمریکی دێت کە لە 2025 خەڵاتی باشترین ئەلبوومی کانتریی بردەوە.
هەردوو بەشی "باشترین دیزاینی تۆمارکردن" و "باشترین کۆپی سنوورداری سندوقی" کراونەتە یەک خەڵات و بەناوی "باشترین پاکێجی تۆمارکردن" پێشکێش دەکرێت.
"باشترین هونەرمەندی نوێ" یەکێک لە خەڵاتە گرنگەکانی گرامییە و گۆڕانکاری تێدا کراوە، تێیدا دەرفەت بەو هونەرمەندانە دراوە کە بە رێژەی کەمتر لە 20٪ بەربژێری خەڵاتی "باشترین ئەلبوومی ساڵ" کراون، لەم بەشدا بەربژێر بکرێن، بەمەش دەرفەت بە ژمارەیەکی زۆر لە بەهرە نوێیەکان دەدرێت بەربژێری خەڵاتەکە بن کە لە پڕۆژە هاوبەشەکاندا بەشداربوونە.
خەڵاتی گرامی ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای تۆمارەکانی ئەمریکی بە باشترین بەرهەمە میوزیکییەکانی ساڵ دەدرێت و بە یەکێک لە چوار گرنگترین خەڵاتی کات بەسەربردن لە ئەمریکا دەناسرێت، لەگەڵ خەڵاتی ئۆسکار بۆ سینەما، ئێمی بۆ بەرهەمی تەلەڤزیۆنی و تۆنی بۆ شانۆ. یەکەم رێوڕەسمی لە 4ـی ئایاری 1959 بەڕێوەچوو و سەرەتا ناوی خەڵاتی گرامۆفۆن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ