خەڵاتەکانی گرامی دابەشکران و بیۆنسێ بووە خاوەنی خەڵاتی باشترین ئەلبوومی ساڵ

03-02-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن گرامی بیۆنسێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خەڵاتەکانی گرامی لە بواری میوزیک دابەشکران، بیۆنسێ، هونەرمەندی ئەمریکی، گرنگترین خەڵاتی بەدەستهێنا، ئەویش خەڵاتی باشترین ئەلبوومی ساڵ بوو بۆ ئەلبوومی "Cowboy Carter"ـە.
 
67ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی شوباتی 2025 لە لۆس ئەنجلس بەڕێوەچوو، بیۆنسێ بەو خەڵاتە، بووە براوەی زۆرترین خەڵات گرامی و بەربژێربوون بۆ خەڵاتەکە لە مێژووی ئەو خەڵاتە گرنگەی بواری میوزیک، هەرچەند لە چوار خولی رابردوودا، ئەو هونەرمەند لەگەڵ ئەوەی بەربژێری هەمان خەڵات بووە، بەڵام نەیتوانی بەدەستیبێنێت.
 
لەو خولەدا، بیۆنسێ توانی بەسەر تایلەر سویفت و بێڵی ئایڵش دا سەرکەوێت و خەڵاتی باشترین ئەلبووم ساڵ بەدەستبێنێت، بەمەش بووە خاوەنی 32 خەڵاتی گرامی کە پێشتر هیچ هونەرمەندێکی دیکە ئەو ژمارەیەی تۆمار نەکردووە. 
 
خەڵاتەکە لەلایەن کارگێڕی بەڕێوبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس رادەستی بیۆنسێ کرا، ئەمەش وەک رێزێک بوو لە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی ئەم دواییەی لۆس ئەنجلس. 
 
بیۆنسێ، لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، وتەیەکی پێشکێشکرد و گوتی: "ئەمە کاتێکی زۆری خایاند" و خەڵاتەکەی پێشکێش بە لیندا مارتێل، یەکەم ژنە گۆرانیبێژی رەشپێست کرد کە لە نمایشی "Grand Ole Opry" گۆرانیگوتووە.
 
کێندرێک لامار، چوار خەڵاتی گرامی بۆ باشترین گۆرانی ساڵ، باشترین گوتنی راپ، باشترین ڤیدیۆکلیپ و باشترین تۆمارکردنی لە رێگەی گۆرانیی "Not Like Us" بردەوە و دوو خەڵاتەکەی پێشکێش بە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا کرد.
 

زەو ویکێند، هونەرمەندی کەنەدی، گۆرانیی "Cry For Me"ـی بەشێوەی راستەوخۆ لە رێوڕەسمەکەدا پێشکێشکرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو گۆرانیبێژ و راپەرە، لە 2020ـەوە زۆر بە تووندی رەخنەی لە رێکخەرانی خەڵاتەکە دەگرت و لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیبووی: "تاوەکو ئێستا گەندەڵن". هەروەها ژمارەیەک گۆرانیبێژی دیکەی جیهانی گۆرانییان پێشکێشکرد، لەوانەش شاکیرا،هونەرممەندی کۆلۆمبیایی
 
هەر لە رێوڕسمەکەدا خەڵاتی گرامی بۆ باشترین ئەلبوومی کانتری، پێشکێش بە بیۆنسێ کرا بۆ ئەلبوومی "Cowboy Carter" و تایلەر سویفت، هونەرمەندی ئەمریکی، خەڵاتەکەی رادەست کرد.
 

خەڵاتی گرامی ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای تۆمارەوە بە باشترین بەرهەمە میوزیکییەکانی ساڵ دەدرێت و بە یەکێک لە چوار گرنگترین خەڵاتی کات بەسەربردن لە ئەمریکا دەناسرێت، لەگەڵ خەڵاتی ئۆسکار بۆ سینەما، ئێمی بۆ بەرهەمی تەلەڤزیۆنی و تۆنی بۆ شانۆ. یەکەم رێوڕەسمی لە 4ـی ئایاری 1959 بەڕێوەچوو و سەرەتا ناوی خەڵاتی گرامۆفۆن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە