رووداو - هەولێر
د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، ئاوازدانەر و میوزیکژەنی بەنێوبانگی کورد لە سەمینارێکدا باسی لە قۆناخەکانی ژیانی خۆی لەگەڵ میوزیک کرد و رایگەیاند، میوزیک لای ئەو جگە لە ئارەزوو، پەیامی خۆشەویستی و پێکەوە ژیانە. مامۆستای میوزیکیش وەکو باوکە بۆ فێرخوازەکانی.
لە سەمینارەکەدا، کە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر بەڕێوەچوو، د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لە بارەی میوزیک قسەی کرد و رایگەیاند، جیاواز لەو تێڕوانینەی میوزیک وەکو ئارەزوو سەیردەکەن، ئەو میوزیک وەکو پەیامێک دەبینێت، پەیامی خۆشەویستی، کولتوور و پێکەوەژیان ئەدات.
لە بەشێکی سەمینارەکەدا لەبارەی قۆناخەکانی خوێندنی و مامۆستاکانی، ئاماژەی بەوەکرد "مامۆستاکانم بەتەنها مامۆستا نەبوون، بەڵکو باوکایەتییان دەکرد، من وەکو باوک دەیانمبینی، ئێستاش کە خۆم مامۆستام وەکو باوک مامەڵە لەگەڵ خوێندکار و فێرخوازەکانمدا دەکەم، ئەگەر توڕەشبم لە خوێندکارەکانم لەبەر خاتری کارەکەیە".
د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە کە دوای جەنگی کەنداو وەکو یەکەم خوێندکاری کورد سکۆلەرشیپی خوێندن لە حکومەتی ئەوکاتی عێراق وەردەگرێت و لە زانکۆی بەلفاست میوزیک دەخوێنێت، باسی لە جیهانیبوونی میوزیک کرد و ئاماژەی بەوە کرد، میوزیکی ئەمڕۆ ناکرێت بە زمانی 100 یان 150 ساڵ پێش ئێستا دابنرێت، هونەرمەندانیش دەبێت خۆیان لەسەر تەکنیکەکانی میوزیکی سەدەی 21 رابهێنن، پێویستە کوردیش هەمیشە لە خۆ نوێکردنەوەدا بن. ئەو کارانەی ئەویش دەیکات بۆ ئەوەیە پردێک لەنێوان میوزیکی کۆن و نوێ دروستبکات.
لەبارەی توانای گەنجانی ئەمڕۆ لە بواری میوزیک گوتی: ئومێدی بە خوێندکارەکانی زۆرە، گەنجی کورد هەیە لە ئاستی جیهانیدایە لەبواری میوزیک. گەشبینیشە بە کۆمپۆسەرەکانی میوزیکی ئەم سەردەمە، خوێندکارەکانی خۆیشی بە باشی ئامادەکردووە. ئەوانەی لە بەردەستی ئەودا فێردەبن، وەکو ئەوەیە لە بەریتانیا بخوێنێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، دەرکەوتنی ئاوازدانەر و میوزیکژەنی کورد کاتی دەوێت، بەشێوەیەکی گشتی مۆدیلێک هەیە بە کەم لە کورد دەڕوانن، بەڵام پێویست ناکات نە بە کەم لە کورد بڕوانین و نە زۆر بەرزیشی بکەینەوە. بە نموونەش باسی لە هونەرمەندی بەنێوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان حەسەن زیرەکی کرد و گوتی: حەسەن زیرەک، وەکو خۆی باسیکردووە، کێشەی ئەوە بووە کە کورد بووە، بەڵام ئێستاش بەرهەمەکانی زۆرترین فرۆشیان هەیە.
لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبوویەکی سەمینارەکەدا، لەبارەی ئایا کورد چی زیادکردنێکی بۆ میوزیکی جیهان کردووە؟ د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە باسی لەوەشکرد، ئەو بەشدارییەکی کارای لە میوزیکی جیهانیدا کردووە، نموونەش، لە زانکۆی لەندەن کارێکی بە ناوی هەڵەبجە لەنێو 100 بەرهەمدا هەڵبژێردراوە و پیشاندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ