رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین (بەرلینالە)، خەڵاتی ورچی زێڕینی شانازیی 2026 دەبەخشێتە میشێل یۆ، خانمە ئەکتەری براوەی خەڵاتی ئۆسکار، ئەمەش وەک رێزلێنانێک بۆ کاروانی پڕ دەستکەوتی لە بواری سینەمادا.
لە راگەیێندراوێکی فێستیڤاڵەکەدا کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، بڕیارە خەڵاتەکە لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە لە رۆژی 12ـی شوباتی 2026 پێشکێش بکرێت.
میشێل یۆ بە یەکێک لە کاریگەرترین و فرە بەهرەترین ئەکتەرەکانی نەوەی خۆی دەناسرێت، لە ماوەی 40 ساڵی کارکردنیدا لە چەندین کیشوەری جیاواز، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەمای جیهان جێهێشتووە.
تریسیا تەتڵ، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، رایگەیاند: "میشێل یۆ هونەرمەند و نمایشکارێکی خاوەن دیدگەیە کە کارەکانی سنوورەکانی تێپەڕاندووە، جا چ سنووری جوگرافی، زمانی یان سینەمایی بێت. ئامادەیی بەهێزی، هەڵبژاردنە هونەرییە بوێرەکانی و ستایلی تایبەتی، شوێنەواری لەسەر نەوەکانی سینەماکاران و هەواداران لە بەرلینالە و سەرانسەری جیهان جێهێشتووە".
میشێل یۆ لە 1999 ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکە بووە، لەبارەی پەیوەندیی بە فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت: "بەرلین بەردەوام شوێنێکی تایبەتی لە دڵمدا هەبووە. یەکێک بوو لە یەکەمین فێستیڤاڵەکان کە بە گەرمی و بەخشندەییەوە پێشوازیی لە کارەکانم کرد. گەڕانەوەم دوای ئەم هەموو ساڵە، وەک رێزلێنانێک بۆ کاروانی سینەماییم، هەستێکی زۆر بەمانایە".
یۆ لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکاندا بە فیلمەکانی وەک (Yes, Madam)، (Police Story III) و (Wing Chun) ناوبانگی دەرکرد و بووە یەکێک لە ئایکۆنە ژنەکانی سینەمای ئاکشن و هونەری جەنگی لە ئاسیا.
لە 1997 بە رۆڵی سیخوڕی چینی وای لین لە فیلمی جەیمس بۆند (Tomorrow Never Dies) سەرکەوتنی جیهانیی بەدەستهێنا، دواتریش بە رۆڵە لەبیرنەکراوەکانی لە فیلمی (Crouching Tiger, Hidden Dragon) و فیلمی (Everything Everywhere All at Once)، پابەندبوونی خۆی بە نایابیی هونەری، دروستکردنی پردی کولتووری و بەهێزکردنی ژن لەسەر شاشە سەلماند.
لە 2023 بۆ فیلمی (Everything Everywhere All at Once) خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئەکتەر بەدەستهێنا و بووە یەکەم ئەکتەری بە رەچەڵەک ئاسیایی کە ئەو خەڵاتە بباتەوە.
ئەو ئەکتەرە لە نوێترین کاریدا، لە فیلمی موزیکاڵی (Wicked: For Good) رۆڵی مادام مۆریبڵ دەگێڕێت کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا نمایش بکرێت. بڕیارە لە 2026 بەشداریی لە زنجیرەی تەلەڤیزیۆنیی (Blade Runner 2099) و فیلمی (The Surgeon) بکات.
خەڵاتی ورچی زێڕینی شانازیی بەرلینالە بەو کەسایەتییانە دەبەخشرێت کە کاریگەریی بەردەوامیان لەسەر هونەری فیلم هەبووە. پێشتر کەسانی وەک مارتن سکۆرسێزی، ستیڤن سپیلبێرگ، مێریل ستریپ، هێلین میرێن و تیلدا سوینتن ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ