رووداو دیجیتاڵ
فیلمی ئەڵمانی "What Marielle Knows"، بە ئامادەبوونی ستافەکەی، لە 75ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین پێشاندرا و لە بەشی سەرەکیدا، پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین دەکات.
مژاری سەرەکی فیلمەکە چاودێریکردنی دایک و باوکێکە لە رێگەی ئامێری چاودێریکردنی منداڵانەوە.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە کچێکی نەوجوان دەکات، لە رێگەی ئامێرێکی چاودێریکردنی منداڵانەوە، کارەکە پێچەوانە دەکات و بەو ئامێرە چاودێری دایک و باوکی دەکات، هەموو شتێکیان دەبینێت و دەبیستێت، بەهۆیەوە تێڕوانین و رەفتاری بەرامبەریان دەگۆڕێت.
فیلمەکە دراماییە و لە دەرهێنانی فیدرێک هامبالیکە و لەگەڵ 18 فیلمی دیکە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵدایە، رۆژی دووشەممە 17ـی شوباتی 2025 لە فێستیڤاڵەکەدا پێشاندرا.
هامبالیک، لەبارەی فیلمەکەی رایگەیاند: "بەر لە دوو ساڵ، هاوڕێیەکەم ئامێرێکی چاودێریکردنی کامێرایی هەبوو و چاودێری منداڵە خەوتووەکەی دەکرد. بیرم لەوە کردەوە؛ ئەمە کارێکی تا رادیەک هەڵەیە، وەک دەزانن، رێگەیەکی چاودێریکردنی دایک و باوکانە بۆ منداڵەکانیان. بیرم لەوە کردەوە چی روودەدات ئەگەر هەمان شت پێچەوانە کرایەوە و منداڵ توانای ئەوەی هەبێت هەموو شتێک ببینێت کە دایک و باوکیان دەیکەن".
.jpg)
فیلمەکە درامایەکی خێزانییە، لە میونشن وێنەگیراوە و دووەم فیلمی درێژی هامبالیکە.
لە فێستیڤاڵەکەدا 19 فیلم لە بەشی کێبڕکێی سەرەکیدان و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکەن. تۆد هاینز، دەرهێنەری ئەمریکی سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەریی ئەو بەشە دەکات.
75ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە بە بەرلینالە دەناسرێت، لە 13ـی شوباتی 2025 لە بەرلینی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و تاوەکو 23 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ