رووداو دیجیتاڵ
پەروین چاکار، سۆپرانۆی کورد، لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، ئەلبوومێکی ئۆپێرایی تایبەت بە هەڵەبجە بڵاوکردەوە و بەرهەمەکە بەناوی 'IN MEMORIAM to the victims of Halabja'یە واتە 'لە یادەوەری قوربانییانی هەڵەبجەدا'یە.
ئەلبوومەکە لە هەشت تراک پێکهاتووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی ئازاری 2023 لە کەناڵی تایبەتی پەروین چاکار، هونەرمەندی باکووری کوردستان، لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
پەروین چاکار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەلبوومە نوێیەکەی لەبارەی هەڵەبجە و کارەستانی کیمیابارانی ئەو شارەیە و ئامانجی لەو کارە زیاتر ناساندنی ئەو کارەساتەیە لە رێگەی هونەرەوە و لە ماوەی پێنج مانگدا کاری لەسەر کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەم بەرهەمەدا جگە لە کوردی، بەرهەمێکی بە زمانی ئیتاڵیش لەخۆگرتووە، هەروەها بەرهەمێکی دیکەی بە شێوەزاری زازاکییە.
'لە یادەوەری قوربانییانی هەڵەبجەدا' تێکستەکانی شێرکۆ بێکەس، شاعیری ناسراوی کوردە لەبارەی هەڵەبجە لەخۆدەگرێت.
یەکێک لەوانە تێکستی 'لە یادەوەری قوربانییانی هەڵەبجەدا'یە کە لە 1988 نووسراوە و پەروین چاکار وەک سۆپرانۆ بەرهەمەکە بە دەنگی خۆی پێشکێش دەکات، تێکستەکەی بێکەس لەلایەن سەباحەدین چەلیک، بۆ زمانی ئیتاڵی وەرگێڕدراوە و بەرهەمەکە بە زمانی ئیتاڵی خوێندراوە.
سێ تراکی ئەلبوومەکە سێ شیعر شێرکۆ بێکەسە بەناوی 'دەربەندی پەپوولە'، 'یەکەم دەنگی و دوا دەنگ' و 'سکاڵا' کە دەنگی سیروان رەحیم خوێندراونەتەوە و ئاوێتەی دەنگی میوزیک کراوە.
تراکێکی دیکەی نێو ئەو بەرهەمەیە بەناوی 'Vocalise for Halabja'ـە و دوێتێکی پەروین چاکارە لەگەڵ دەنگی سیروان رەحیم کە شیعرێکی بێکەس دەخوێنێتەوە.
پەروین چاکار لە 1981 لە ماردنی کوردستانی باکوور لەدایکبووە، لە 2006 لە ئیتاڵیا خوێندنی ئۆپێرای دەستپێکردووە، ماستەری لە 'کۆنزێرڤاتۆری پێرووجیا مۆرلاچی' بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ