رووداو دیجیتاڵ
داهاتی بەشی نوێی زنجیرە فیلمی "Jurassic World" بەناوی "Jurassic World: Rebirth"، لە ماوەی دوو هەفتەدا، زیاتر لە نیو ملیار دۆلارە.
فیلمەکە لە 2ـی تەممووزی 2025ـەوە لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت، کۆی داهاتی لە دوو هەفتەدا 532 ملیۆن و 699 هەزار دۆلارە، لەو داهاتە 232 ملیۆن و 448 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 300 ملیۆن و 251 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە.
"Jurassic World: Rebirth" بەرهەمی کۆمپانیای یونیڤێرساڵ پیکچەرزە، ماوەکەی دوو کاژێر و 14 خولەکە و لە دەرهێنانی دەیڤد لیچ، دەرهێنەری ئەمریکییە.
چیرۆکی بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکە باس لە چەند ساڵێک دوای رووداوەکانی فیلمی "Dominion" دەکات، بینەر دەباتە نێو جیهانێکەوە کە مرۆڤەکان چیتر گرنگی بە دایناسۆرەکان نادەن و ژمارەیان بەرەو لەناوچوون دەچێت. تاکە شوێن کە تێیدا دەژین، ناوچەیەکە کە گەشتکردنی مرۆڤ بۆی قەدەخە کراوە.
رووداوەکان کاتێک دەستپێدەکەن کە کۆمپانیایەکی دەرمانسازی، پسپۆڕێکی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان بەکرێ دەگرێت بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی گەشتێکی مەترسیدار بۆ دوورگەیەکی دابڕاو بکات کە پێشتر تاقیکردنەوەکانی جوراسیک پاركی تێدا ئەنجام دراوە.
ئەو بەشە بە شێوەیەکی گشتی فیلمێکی سەربەخۆیە و پەیوەندییەکی کەمی بە زنجیرە فیلمەکانی پێشووی "Jurassic World"ـەوە هەیە.
لە چیرۆکی بەشی نوێی زنجیرە فیلمەکەدا، ئەکتەری بەشەکانی پێشوو بەشدار نین کە لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا رۆڵیان لەم بەرهەمەدا گێڕاوە و تیشک دەخاتە سەر چاخێکی نوێ.

ستیڤن سپیلبێرگ، دەرهێنەری ئەمریکی، دەرهێنەری شەش بەشی رابردووی ئەم بەرهەمە سینەماییە و داهاتیان لە سینەماکانی جیهاندا شەش ملیار دۆلارە، سێ بەشی کۆتایی، زۆرترین داهاتیان بە بەراورد لەگەڵ سێ بەشی یەکەمی بەدەستهێنا، بەشی چوارەمی بەناوی "Jurassic World" لە 2015 بڵاوکرایەوە، داهاتی یەک ملیار و 67 ملیۆن دۆلارە، بەشی پێنجەمی بەناوی "Fallen Kingdom" لە 2018 بڵاوکرایەوە و داهاتی یەک ملیار و 300 هەزار دۆلارە و بەشی شەشەمی بەناوی "Dominion" لە 2023 بڵاوکرایەوە و داهاتی یەک ملیار دۆلارە.
سپیلبێرگ، وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار لە بەشی نویێ فیلمەکەدا بەشدارە و ئێستا لە قۆناخی بەرهەمهێناندایە و لە 2ـی تەممووزی 2025 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.
یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەناوی "Jurassic Park" لە 1993 بەرهەمهێنرا، چیرۆکەکەی لە رۆمانێک بە هەمان ناو لە نووسینی مایکل کرایتۆن وەرگیراوە کە لە 1990 بڵاویکردووەتەوە.

رووداوەکانی فیلمەکە لە دوورگەیەک لە ئەمریکای نێوەڕاست، لە نزیک کۆستەریکا روودەدەن، پارکێک بۆ داینەسوورەکان دروستکراوە، لە دوای دەرچوونی داینەسوورەکان لە پارکەکە، ژمارەیەک گەشتیار و بەشێک لەوانەی لەو شوێنە کار دەکەن، هەوڵدەدەن خۆیان لە دایناسورەکان رزگار بکەن.
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای یۆنیڤێرساڵە و سپیلبێرگ مافی رۆمانەکەی بۆ فیلم؛ بە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار کڕی بوو، دواتریش لەگەڵ نووسەرەکەی گرێبەستێکی بە 500 هەزار دۆلار کرد، بۆ گونجاندنی چیرۆکەکە بۆ سەر شاشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ