زانکۆی هونەریی بەرلین کۆنسێرتێکی میکائیل ئەسڵان رەتدەکاتەوە

16-08-2025
کەهی مەحموود
نیشانەکردن میکائیل ئەسڵان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میکائیل ئەسڵان، هونەرمەندی ناسراوی کورد، رایگەیاند، زانکۆی هونەری بەرلین بە بیانووی "سیاسیبوون"ـەوە هۆڵی کۆنسێرتی پێنەداوە. لەبارەی رەتکردنەوەی داواکارییەکەی و هەڵوێستی زانکۆکە بۆ رووداو قسەی کردووە.
 
هونەرمەندە دێرسمییەکە ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانێکە لە ئەڵمانیا و ئەورووپا سەتان کۆنسێرتی ئەنجامداوە و گوتی، بیانووی رەتکردنەوەی داواکارییەکەی لەلایەن زانکۆکەوە "جێی قبووڵ نییە".
 
ئەسڵان باسی لەوە کرد کە نادا تارابیچیا، بەرپرسی هۆڵەکانی کۆنسێرتی زانکۆی هونەری بەرلین، لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە پێی گوتووە: "دەرفەت بۆ ئەو هونەرمەندانە نییە کە دابەشکاری دروست دەکەن یان پەیوەندییان بە لایەنێکی سیاسییەوە هەیە".
 
میکائیل ئەسڵان رەگەزنامەی ئەڵمانیای هەیە و ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەواژەی "جەمسەرگیریکردن" لە تورکیاش وەک ئامرازێک دژی هونەرمەندان بەکاردەهێنرێت و گوتی: "من نوێنەرایەتیی کولتوور و میراتی کوردی دەکەم. ئەم وەڵامە سانسۆرە و جێی قبووڵ نییە. نابێت ئەمە قبووڵ بکەین، بەڵام ئێمە بە تەنیا نین، رێکخراوەکانی وەک کۆمەڵەی کوردی لە ئەڵمانیاش هاتوونەتە سەر خەت. خۆشحاڵ بووم کە رووداویش لە هەولێرەوە پەیوەندیی پێوە کردم".
 
"ئەوانەی ڕێگە بە دژە جوولەکە لە ژوورەکانیان دەدەن بەڵام مۆسیقای کوردی- کرمانکی قەدەغە دەکەن دووڕوون".
 
ئەسڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ناڕەزایەی خۆی دەربڕیبوو و نووسیبووی: "ئەوانەی لە ژوورەکانیان رێگە بۆ دژایەتیی جووەکان دەڕەخسێنن، بەڵام میوزیکی کوردی قەدەخە دەکەن، دووڕوون. ئایا گۆرانییەکانی لەبارەی خۆشەویستی، ئاشتی و جوانیی وڵاتە کوردییەکەم دەتوانن جەمسەرگیر بن؟ وا دیارە زانکۆی هونەری بەرلین خاوەندارێتی لەم بۆچوونە ئابڕووبەرانەیە دەکات".
 
هونەرمەندە کوردەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە شارەکانی دیکەی ئەڵمانیا لە باشترین هۆڵەکاندا کۆنسێرتی کردووە، وەک هۆڵی بێتهۆڤن لە شتوتگارت، هەروەها مۆڵەتی بۆ هۆڵەکانی دوسلدۆرف و هامبۆرگ وەرگرتووە. ئەسڵان گوتی، چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد لە زانکۆیەکی هونەریی حکومی وەڵامێکی لەم شێوەیەی دەستبکەوێت.
 
دوزەن تەکال، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی کوردی ئێزدی، لەسەر هەمان بابەت لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام داوای لە زانکۆکە کرد بڕیارەکەی بگۆڕێت و میکائیل ئەسڵانی وەک "هێمای دەربڕینی ئازادانەی هونەر و ناسنامەی زازاکی-کوردی" ناوبرد.
 
تەکال گوتی: "ئەگەر هونەرمەندێک خاوەندارێتی لە بەها و ناسنامەی خۆی بکات و وەک لەم نموونەیەدا ناچار بێت بەرگریی لێ بکات، ئەمە شتێکی ئاسایی نییە. بێگومان هونەر سیاسییە، بەڵام لەکەیەوە ئەمە تاوانە؟".
 
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ وەرگرتنی هەڵوێستیان، پەیوەندیی بە سەرۆکایەتیی زانکۆی هونەری بەرلینەوە کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە