رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵی مێژوویی وەحدەت لە تاران، پانیز فەریوسفى دەچێتە سەر سەکۆ و دەبێتە سیمبوولی هیوا و توانا بۆ دەیان کچ و ژنی دیکەی ئەو وڵاتە و سەرکردایەتیی ئۆرکێسترای نیشتمانی دەکات.
پانیز فەریوسفی، مایسترۆی ئۆرکێسترای ئێرانی گوتی: "هیوادارم ئەمە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت بۆ ژنانی گەنجی ئێران، هەروەها لەوە تێبگەن کاتێک رووبەڕووی مەترسییەکان دەبنەوە، نابێت بترسن. ئەمە تاکە دەروازەیە بەرەو رزگاری".
فەریوسفى، لە تەمەنی 42 ساڵیدا، یەکەم ژنی ئێرانە سەرکردایەتیی ئۆرکێسترایەکی فیلارمۆنیک دەکات.
نمایشەکە ئاپۆڕایەکی گەورەی بۆ خۆی راکێشا و بۆ دوو شەو هۆڵەکە پڕ بوو لە ئامادەبووان، ژمارەیەکی زۆریان ژنانی گەنج بوون.
فەریوسفى مایسترۆی ئۆرکێسترایەکی 50 کەسی بوو کە بەرهەمی شووبێرت، سیبلیۆس و ئاوازدانەری ئەرمەنی ئارام خاچاتوریانیان دەژەند.
فەریبا ئاغایی، ئارایشتکار و لە کۆنسێرتەکەدا ئامادەبوو و گوتی: "ژنانی ئێران دەرفەتی پێویستیان لە بواری میوزیک نییە، بۆ نموونە، ناتوانن لە شوێنە گشتییەکان گۆرانی بڵێن یان گۆرانییەکانیان بڵاوبکەنەوە، بەڵام کاتێک رابەرایەتیی ئۆرکێسترایەک دەکەن، هەموو جیهان گوێی لە دەنگیان دەبێت".
گرووپی میوزیکی ژن لە ئێراندا رێگەپێدراو نییە تەنیا بۆ جەماوەری ژن نەبێت، بەڵام میوزیکژەنی ژن لە هەندێک گرووپدا هەن کە کۆنسێرت ناکەن. دوو ساڵیشە چاوپۆشی لە هەندێک کاری هونەری بەشێک هونەرمەند و گرووپ دەکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ