بەهۆی دۆخی سووریا دیداری ئامێری تەمبوور لە دیمەشق دواخرا

17-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن دیداری ئامێری تەمبوور لە دیمەشق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دیداری ئامێری تەمبوور لە دیمەشق کە بڕیاربوو لە 20 تاوەکو 22ـی تەممووزی 2025 لە دیمەشقی سووریا سازبکرێت، بەهۆی دۆخی ئێستای سووریا، دواخرا.
 
ئیدریس موارد، سەرپەرشتیاری دیدارەکە، بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ئێستای سووریا، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیریی سووریا لە دیمەشق کۆبووەوە و بڕیاری لەسەر پاشخستنی دیدارەکە درا.
 
ئاشکراشی کرد، دیدارەکە بۆ 27-29ـی ئەم مانگە دواخراوە، بە مەرجێک هیچ گۆڕانکارییەکی دیکە نەخوازراو نەیێتە پێشەوە.
 
دیدارەکە بە چاودێری وەزارەتی رۆشنبیری سووریا، لە هۆڵی قەبانی لە دیمەشقی پایتەخت سازدەکرێت، تۆڕی میدیایی رووداو؛ سپۆنسەری میدیایی ئەو رووداوە هونەریەیە.
 
لەو چالاکییە هونەرییە، جگە لە هونەرمەندانی کورد، هونەرمەندانی نەتەوەکانی دیکە لە سووریا بەشدارن و ئیدریس موارد، رۆژنامەڤان و توێژەری کورد لە بواری میوزیک سەرپەرشتیی دەکات.
 
دیدارەکە بەناوی ئامێری تەمبوور کراوە، بەڵام بە گشتی لەبارەی تەواوی ئامێرە ژێدار و ئامێرەکانی دیکەی میوزیکییە، لەوانەش ئامێرە ریتمی و فودارەکان.
 
بەشداربووانی دیدارەکە 60 ژەنیاری دیاری رۆژئاوای کوردستان و سووریان، بەتایبەتیش لە قامشلۆ، کۆبانێ، عەفرین، دیمەشق و حومسن و دەرچووی پەیمانگەی باڵای میوزیکین لە دیمەشق.
 
رۆژی چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی گەورەیان کردە سەر گۆڕەپانی ئومەوی لە نێوەڕاستی دیمەشقدا، دووکەڵێکی چڕ کە لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگرییەوە بەرز دەبووەوە، ئاسمانی شارەکەی داپۆشی.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجێکی سەربازیشی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا بۆردوومان کردووە. میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، لە هێرشەکەدا باڵەخانەی دەستەی ئەرکانی سووریا، کە لە تەنیشت وەزارەتی بەرگرییە، کراوەتە ئامانج.
 
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە لەم هەفتەیەدا بەهۆی تووندوتیژییەکانی دەوروبەری شاری سوەیدا، سەدان کەس کوژراون. شەڕەکە لە نێوان چەکدارانی کەمینەی دروز، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و ئەندامانی هۆزە دەشتەکییەکان (بەدەوییەکان) روویدا. ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ دروزەکان راگەیاندووە.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025 بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، بۆ رێگری لە شەڕێکی گەورە، ئاسایشی سوەیدایان بە هێزە خۆجێییەکان سپارد.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە