نەریمان عەبدولکەریم: عێراق لە سەختترین کاتەکانیشدا گرنگی بە هونەر دەدات

17-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نەریمان عەبدولکەریم لەگەڵ موعد فەیاز، نێردراوی رووداو بۆ فێستیڤاڵی فیلمی بەغدا
نەریمان عەبدولکەریم لەگەڵ موعد فەیاز، نێردراوی رووداو بۆ فێستیڤاڵی فیلمی بەغدا
نیشانەکردن نەریمان عەبدولکەریم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو روماڵی چالاکییەکانی دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی بەغدا دەکات و نەریمان عەبدولکەریم، ئەکتەری ناسراوی ئوردنی کە بە رۆڵگێڕان لە زنجیرە دراما بەدەوییەکاندا ناسراوە، یەکێکە لە میوانە دیارەکانی فێستیڤاڵەکە و بە پۆشاکی وڵاتەکەیەوە دەرکەوت.
 
نەریمان عەبدولکەریم خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە دەربڕی و بە رووداوی راگەیاند : "ئەمە یەکەمجارمە بەشداری دەکەم، کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی هونەریی زۆر نایابە. نایاب و دەوڵەمەندە لەڕووی هونەری، فیکری و کۆمەڵایەتییەوە".
 
ئەو ئەکتەرە ئوردنییە، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ تێکەڵکردنی کولتوورە جیاوازەکان دەزانێت و دەڵێت: "یەکەم شت تێکەڵکردنی کولتوورە عەرەبییەکانە. من هەر لە منداڵییەوە لەبارەی هونەرەوە دەخوێنمەوە و سەیری بەرهەمە هونەرییە عێراقییەکان دەکەم. بۆ من دەرفەتێکە قەرەبوو ناکرێتەوە و زۆر دڵخۆشم بە بوونم لێرە".
 
سەبارەت بە دۆخی سینەما لە ئوردن، ئاماژەی بەوە کرد کە گرنگیپێدان لە ئاستی پێویستدا نییە و ستایشی عێراقی کرد بەوەی کە بایەخ بە هونەر دەدات و گوتی: "ئێوە وڵاتێکن تەنانەت لە سەختترین کاتەکانیشدا گرنگی بە هونەر دەدەن. بەداخەوە لای ئێمە وا نییە، پەنا بەخوا رۆژانی داهاتوو باشتر دەبێت".
 
نەریمان عەبدولکەریم کە زیاتر بە رۆڵە بەدەوییەکانی ناسراوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو جۆرە بەرهەمانە زیاتر بەردەستن، لە کاتێکدا ئەو هەموو جۆرە رۆڵێک دەگێڕێت. گوتیشی: "من رۆڵی بەدەوی، مۆدێرن، سینەما، شانۆ، تەلەڤیزیۆن و رادیۆ دەگێڕم، بەڵام ئێستا کەناڵە ئاسمانییەکان زیاتر کاری مۆدێرنیان دەوێت و لە کاری بەدەوی دوور دەکەونەوە".
 
لەبارەی جلوبەرگە تایبەتەکەیەوە گوتی: "من نوێنەرایەتیی وڵاتەکەم دەکەم، بۆیە پێویستە شتێک لەبەر بکەم کە لە کەلەپووری وڵاتەکەمەوە، ئوردن، وەرگیرابێت".
 
دووەمین فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا، کە بە ناوی محەممەد شوکری جەمیل، دەرهێنەری عێراقی کراوە، رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025 لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رێکخرا و تاوەکو 21ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەستێرە عەرەبەکان و سینەماکارانی عێراق، رەخنەگر و میدیاکاران و میوانانی بیانی ئامادەن. شاندی وڵاتانی وەک سعودیە، کوەیت، تونس، میسر، لوبنان، ئوردن، سووریا و مەغریب بەشدارن و فیلمەکان لە چەندین بەشی جیاوازدا نمایش دەکرێن، لەوانە فیلمی درێژی سینەمایی، کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە فیلمی (One Battle After Another)

رەخنەگرانی لۆس ئەنجڵس باشترینەکانی ساڵیان دیاریکرد

کۆمەڵەی رەخنەگرانی فیلمی لۆس ئەنجڵس (LAFCA) براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵیان بۆ باشترین فیلم و دەرهێنان و نواندن راگەیاند؛ فیلمی (One Battle After Another) وەک باشترین فیلمی ساڵ دەستنیشانکرا.