'Wonka' فیلمی پڕداهاتی ئەمریکای باکوورە

18-12-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'Wonka'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'Wonka' فیلمێکی نوێی سینەماییە و لە یەکەم هەفتەی پێشاندانیدا لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا، توانی لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا بێت و داهاتی یەکەم هەفتەی 39 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
 
ئەو داهاتە زۆرە، بە دەستپێکێکی بەهێز بۆ ئەم بەرهەمە میوزیکئامێزە هەژمار دەکرێت و تیمۆسی چەلامێت، ئەکتەری ئەمریکی – فەرەنسی و ویلی ونکا رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
لەم چەند ساڵەی دواییدا فیلمە میوزیکالییەکان بازاڕیان باش نەبووە، بۆیە کۆمپانیای وارنەر برۆس گۆرانی و سەمای لە فیلمی 'Wonka' کەمکردووە.
 
چەلامێت (27 ساڵ) لە چەندین فیلمی سینەماییدا رۆڵی گێڕاوە و فیلمی 'Dune' کە رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، لە 2021 بڵاوکرایەوە و داهاتی یەکەم هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 41 ملیۆن دۆلار بوو. 
 
بودجەی بەرهەمهێنانی 'Wonka' نزیکەی 125 ملیۆن دۆلارە، لە چوار هەزار و 203 سینەمای ئەمریکا و کەندا پێشاندراوە و بە یەکەم بەرهەمی هۆلیوود هەژمار دەکرێت کە لە دوای کۆتاییهاتن بە مانگرتنی نووسەران و ئەکتەرانی ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە.
 
بەهۆی چەلامێت، فیلمەکە توانیویەتی ئەو بینەرانە بەلای خۆیدا رابکێشێت کە تەمەنیان کەمە، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە و 36٪ بینەرانی پێک دێنێت و 51٪ـی بینەرانی نێرن و 49٪ـی مێن.
 
جگە لە داهاتی 39 ملیۆن دۆلارییەی ئەمریکای باکوور، 'Wonka' توانی 112 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستبێنێت، بەمەش کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا دەبێتە 151 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار.
 
'Wonka' بە یەکێک لە سێ گرنگترین فیلمی وۆرنەر برۆس دەناسرێت کە بڵاوکردنەوەیان بۆ پشووەکان تەرخانکراوە، بڕیارە فیلمی 'Aquaman and the Lost Kingdom' لە 22 کانوونی یەکەمی 2023 و فیلمی 'The Color Purple' لە 25ـی کانوونی یەکەمی 2023 بڵاوبکرێنەوە.
 
فیلمی 'The Hunger Games: The Ballad of Songbirds and Snakes' توانی بە کۆکردنەوەی پێنج ملیۆن و 800 هەزار دۆلار، لە ریزبەندی دووەمی لیستەکەدا بمێنێتەوە کە کۆی داهاتی لەو لیستەدا 145 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارە و کۆی داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلارە.
 
لە ریزبەندی سێیەمی لیستەکەدا، فیلمی 'The Boy and the Heron' لە دووەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکاندا، توانی بە کۆکردنەوەی پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆلار لە ریزبەندی سێیەمدا بێت.
 
لە ریزبەندی چوارەمی لیستەکەدا، فیلمی 'Godzilla Minus One' دێت و داهاتی چوار ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە و لە ریزبەندی پێنجەمدا فیلمی 'Trolls Band Together' دێت کە داهاتی چوار ملیۆن دۆلارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە