رووداو دیجیتاڵ
یونس محەممەد، فۆتۆگرافەری کورد، لە پێشانگەیەکی فۆتۆگرافیدا لە شاری شیرازی ئێران، فۆتۆکانی لەبارەی پێشمەرگە و شەڕی داعش دەخاتەڕوو، هەر لە پێشانگەکەدا فۆتۆی سەعید سادقی، فۆتۆگرافەری ئێرانی لەبارەی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران دەخرێنەڕوو.
یونس محەممەد، بە رووداوی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە 20-1-2022، لە گەلەری شاری شیرازی ئێران، لە پێشانگەی هاوبەشی 'سەبارەت بە جەنگ' بەشدار دەبێت، جگە لە بەرهەمەکانی ئەو، بەرهەمی سەعید سادقی، فۆتۆگرافەری ناسراوی ئێرانی دەخرێنەڕوو و پێشانگە بۆ دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بە 20 وێنەی بە شکۆ و سەربەرزی کورد، پێشمەرگە و ئازار و نەهامەتی کورد لە شەڕی بەرگری دژ بە داعش دەخاتەڕوو و لە بەشێکی دیکەدا، سەعید سادقی وێنەکانی خۆی سەبارەت بە شەڕی ئێران و عێراق دەخاتەڕوو.
ئەو فۆتۆگرافەرە کوردە رووماڵی شەڕی داعشی لە باشووری کوردستان کردووە و لە کاتی رووماڵی شەڕەکەدا برینداربووە.
یونس محەممەد، روونیشیکردەوە، پێشانگەکە بەرهەمی دوو فۆتۆگرافەری جەنگ نیشانی بینەرانی تامەزرۆی ئەم بوارە دەدات و باسی دوو شەڕی جیاواز دەکرێت. گوتیشی "هیوادارم بتوانم بەشێکی مێژووی هاوچەرخی خۆمان نیشانی بینەرانی شیراز بدەم و خزمەتێکی بچووکی نەتەوەکەم بکەم".
یونس محەممەد، لە 1968 لە دهۆک لە دایکبووە، لە ئێران ژیاوە و ئێستا لە هەولێرە نیشتەجێیە، کار بۆ دامەزراوە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەکات و بەشێک لە فۆتۆکانی لەسەر ئاستی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە پێشمەرگە و شەڕی دژی داعشەوە هەیە.
ئەو کاتەی لە ئێران ژیاوە، بەشێک لە فۆتۆکانی لە پێشانگەکانی ئەو وڵاتە خراونەتەڕوو، کومەڵە وێنەیەکی بەناونیشانی 'بەناوی ئایین' خەڵاتی یەکەمی وێنەی ساڵی وەرگرتووە، بەڵام یەکەمجارە لە پێشانگەیەکی تایبەتی لەم شێوەیە لە ئێران، بەرهەمەکانی دەخرێنەڕوو.
جگە لە پێشانگەکە، وۆرکشۆپێکی چوار رۆژە سەبارەت بە گێڕانەوەی بینراو لە چوارچێوەی وێنەگرتنی بەڵگەیی کۆمەڵایەتی دەکرێتەوە و یونس محەممەد بەڕێوەی دەبات.
لەو چوار رۆژە، ئەو فۆتۆگرافەرە کوردە خوێندنەوەی وردی بەرهەمی فۆتۆگرافەرە بەشداربووەکان دەکات و هاوکاریان دەبێت پەرە بە توانایان بدەن و ئاستی تێگەیشتن و جێبەجێکردنی پرۆژەی وێنەیی کۆمەڵایەتیان بەرز بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەم دواییە پڕۆژەی 'برینە کراوەکان'ـی ئەو فۆتۆگرافەرە کوردە، لە ئەرشیفی ئۆنلاینی مۆزەخانەی مۆلتی میدیا و فۆتۆگرافی تەبلیسی لە جۆرجیا دانراون.
یونس محەممەد، تاوەکو ئێستا بەشداری لە چەندین پێشانگەی فۆتۆگرافی لە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کردووە و زیاتر لە 15 خەڵاتی لە پێشبڕکێ نیودەوڵەتییەکاندا بەدەستهێناوە.
لە کۆتایی 2021ـدا، لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی خەڵاتی وێنەی تۆکیۆ، خەڵاتی سێیەم و برۆنزی بەشی رۆژنامەوانی و شەڕی بەدەستهێناوە کە بە پڕۆژەی بریندارانی شەڕی داعش بەشداربوو.
هەر لە مانگی کانوونی یەکەمی 2021، ئەو فۆتۆگرافەرە رۆژنامەوانییە، خەڵاتی سێیەمی باشترین وێنەکانی ساڵی رێکخراوی یونسێفی بەدەستهێنا کە بەهەمان شێوەی بە وێنەی بریندارانی شەڕی داعش بەشدارببوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ